واشنتۆن بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لابردنی سزاکانی سەر شەرع پێش سەردانی کۆشکی سپی دەسوڕێتەوە
پەیامی کورد- دیمەشق
نوێنەرایەتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوکردەوە و تێیدا داوای دوورخستنەوەی ئەحمەد شەرع و وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزاکانی پەیوەست بە تیرۆریزم پێش سەردانەکەیان بۆ کۆشکی سپی دووشەممەی داهاتوو.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، ئەمەش لە یەکەم سەرداندایە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە. ئەو دوو کەسە لە مانگی ئایاری ڕابردوو لە ڕیاز کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر سوریا لەلایەن ترەمپەوە.
ڕەشنووسی بڕیارنامەکە تا بەیانی چوارشەممە خرایە ژێر "ڕێکاری بێدەنگی"، کە هەنگاوێکی ڕێکارانەیە کە ڕێگە بە ئەندامان دەدات پێش ئەوەی دەنگدانیان بۆ دیاری بکرێت ناڕەزایەتی دەرببڕن.
ڕەشنووسی بڕیارنامەکە کە لەلایەن ئەلمۆنیتۆرەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، باس لەوە دەکات کە ئەنجومەن بڕیار بدات کە "ناوی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و ئەنەس حەسەن خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستەکەدا لاببات" و پێشوازی لە "پابەندبوونی حکومەتی سوریا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەنێویاندا چەکدارانی تیرۆریستی بیانی".
بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان کە ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی پێکردووە، ئەمریکا داوای دەنگدان دەکات لەم حەفتەیەدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە پێش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، سەرۆک کۆماری سوریا سەپێندرابوون.
بەڵام هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ لابردنی شەرع لە لیستەکەدا ڕووبەڕووی دژایەتی چین بووەوە کە دەسەڵاتی ڤیتۆی بەدەستەوەیە، بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە “سوپای نیشتمانی سوریا” بە فەرمی ئەندامانی ئیگۆری سەر بەپارتی ئیسلامی تورکستان لەناو خۆیان گرتووە، کە ڕێکخراوێکی جیهادی نێودەوڵەتییە و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە لە شینجیانگ و ئاسیای ناوەڕاست.