پەیکەرەکانی فاکەڵتی هونەرە جوانەکان لە شاری حەلەب تێکشکێنران

پەیکەرەکانی فاکەڵتی هونەرە جوانەکان لە شاری حەلەب تێکشکێنران


پەیامی کورد- دیمەشق
کۆمەڵێک پەیکەر لە حەوشەی فاکەڵتی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی حەلەب لە باکووری سووریا دوێنێ دووشەممە تێکشکێنران. تاوانباران نادیارە.
چالاکوانان لە سۆشیال میدیا وێنەیەکیان بڵاوکردەوە کە پاشماوەی پەیکەرە زیانلێکەوتووەکان لە حەوشەی دەرەوەی فاکەڵتی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی حەلەب پیشان دەدات.
ئەو وێنانە مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، تۆمەتەکانیش ئاراستەی دەزگاکانی حکومەت کرا کە لە پشت ئەو کارەوەن کە بە لەناوبردنی کارە هونەرییەکان دادەنرا. هەروەها تۆمەتەکان ئاراستەی ئەو کەسانە کرا کە پێشینەیەکی توندڕەویان هەبوو، ئەمەش زیاتر مشتومڕەکانی سەبارەت بە بارودۆخی ڕووداوەکە پەرەپێدا.
زانکۆی حەلەبی سوریا، سروشتی ڕاستەقینەی کارە هونەرییە وێرانبووەکانی ناو فاکەڵتی هونەرەجوانەکانی ڕوونکردەوە و دووپاتی کردەوە کە ئەوە لەناوبردنی کارە هونەرییە هەبووەکان نییە، بەڵکو لابردنی پڕۆژە کۆنەکانی خوێندکارانە لە شوێنەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی زانکۆکەدا هاتووە: "ئەوەی ڕوویدا لەناوبردنی کارە هونەرییە هەبووەکان نەبوو، بەڵکو لابردنی هەندێک پڕۆژەی کۆنی خوێندکاران بوو کە ساڵانێکی زۆر بوو لە کاردا بوون و بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا زیانیان پێگەیشتبوو".
زانکۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم کەرەستانە چیتر بۆ نمایشکردن گونجاو نەبوون و وەک بەشێک لە پلانی بەردەوامی چاککردنەوە و پاککردنەوەی کەمپەکە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە".

ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە