کۆبوونەوەی میکانیزم... ئۆرتاگۆس: سوپای لوبنان دەبێت پلانەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات

کۆبوونەوەی میکانیزم... ئۆرتاگۆس: سوپای لوبنان دەبێت پلانەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت ئاماژەی بەوەدا کە “سەرکردە باڵاکان دوانزەهەمین کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری وەستاندنی دوژمنایەتی (میکانیزم)یان لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە نەقورا ئەنجامدا بۆ پێداچوونەوە بەو پێشکەوتنانەی کە سوپای لوبنان لە پاراستنی ڕێکخستنەکانی وەستاندنی شەڕ و بەهێزکردنی هەوڵەکانی داماڵینی چەک لە لوبنان بەدەستیهێناوە.”

بەپێی زانیارییەکانی باڵیۆزخانەکە، دانیشتنەکە کە لەلایەن یونیفیلەوە میوانداری کراوە، جەنەڕاڵ جۆزێف کلیرفیڵدی ئەمریکی، سەرۆکی لیژنەکە و ڕاوێژکاری مۆرگان ئۆرتاگۆس و هەروەها نوێنەرانی باڵای سەرجەم شاندەکان بەشداربوون. هەموو ئەندامان پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری لە لوبنان دووپاتکردەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکتر و ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەی سێزدەهەم تا شانزەهەمی لیژنەکە پێش کۆتایی ساڵ بەڕێوەدەچێت.

ژەنەڕاڵ کلیرفیڵد جەختی لەوە کردەوە، "بە فەرمیکردنی خشتەی کۆبوونەوەکان دڵنیای دەدات لەوەی کە هەموو بەشداربووان هاوتەریبن، بە تەواوی ئاگادار دەکرێنەوە، و ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی نوێکارییە شەفافەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەم ڕێبازە کارایی کارکردن بەرز دەکاتەوە و متمانەی هاوبەش دروست دەکات کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە لوبنان."

ئاماژەی بەوەشکرد، پیشەییبوون و پابەندبوونی هێزە چەکدارەکانی لوبنان جێگەی سەرنجە، من شاهیدی ئەوە بووم کە کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، لە دابینکردنی ئاسایش بۆ دروێنەی زەیتون تا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆز بۆ دیاریکردن و هەڵوەشاندنەوە و بێلایەنکردنی دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی کە پێدەچێت لەلایەن ئەکتەرە زیانبەخشەکانەوە بەکارهێنرابێت. ئەدای ئەوان ڕەنگدانەوەی هێز و ئیرادەی نەگۆڕی هێزە چەکدارەکانی لوبنانە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی وڵاتەکەیان”.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەکەدا، هێزە چەکدارەکانی لوبنان نوێکارییەکی وردی ئۆپراسیۆنییان پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنێکی ئەم دواییە بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی لە نزیک وادی ئەلعەزیە، ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی سیخوڕییەکی هەمەلایەنەی ناوچەکە، لەگەڵ پلانی سەردانێکی بەدواداچوون. جەنەڕاڵ کلیرفیڵد دەستخۆشی لە هێزە چەکدارەکانی لوبنان کرد بۆ پیشەیی و دیسیپلینیان".

هەروەها لیژنەکە گفتوگۆی لەسەر دەرفەتەکانی بەردەوامی کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ڕێکخستنەکانی وەستانی شەڕەکان کرد. بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەم پرسە وەک بڕگەیەکی هەمیشەیی لە بەرنامەی کاری سەرجەم دانیشتنەکانی داهاتوودا بمێنێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و پێشخستنی لێپرسینەوە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەکانی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان.

بەپێی بەیاننامەکە، نێردەی تایبەت مۆرگان ئۆرتاگوس دووپاتیکردەوە: "ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی لوبنان و پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەت دەکەین بۆ دانانی هەموو چەکەکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت تا کۆتایی ئەمساڵ." ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا پێویستە هێزە چەکدارەکانی لوبنان بە تەواوی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لیژنەی چاودێریکردنی وەستاندنی دوژمنایەتییەکان (CAMP) بەردەوامە لە ڕۆڵێکی سەرەکی لە چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوە و بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە هەردوو ئیسرائیل و لوبنان گرتوویانەتەبەر."

لینا ڕەشید - لوبنان

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە