خەڵاتی برۆنزی بۆ فیلمی دۆكیۆمێنتاری "گەیشتن و نەگەیشتن"؛ چیرۆکێک لە دەردی پەنابەرانی کورد لە سایەی بێ میهری دا

خەڵاتی برۆنزی بۆ فیلمی دۆكیۆمێنتاری "گەیشتن و نەگەیشتن"؛ چیرۆکێک لە دەردی پەنابەرانی کورد لە سایەی بێ میهری دا
پەیامی کورد   ...   خەڵاتی برۆنزی بۆ فیلمی دۆكیۆمێنتاری "گەیشتن و نەگەیشتن"؛ چیرۆکێک لە دەردی پەنابەرانی کورد لە سایەی بێ میهری دا

فیلمی دۆکیۆمێنتاری "گەیشتن و نەگەیشتن" لە بەرهەمهێنانی دەنگی ئەمریکا و دەرهێنانی سۆران خاتری، کە باس لە ئازار و ناخۆشیەکانی کوردانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەكات، خەڵاتی برۆنزی لە فێستیڤاڵی فیلم و تەلەفزیۆنی نیویۆرک بەدەستهێنا.

ئەم فیلمە کە لەلایەن ژمارەیەک پەنابەر و ئاوارەی کوردەوە درووست کراوە، سەرەڕای چەندین ئاستەنگ لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنیدا، توانیویەتی سەرنجی جیهانی بۆ دۆخی سەختی ئەم پێکهاتە ڕابکێشێت.

درووستکەرانی ئەم دۆکیۆمێنتارییە کە خۆیان پەنابەر بوون و هەن، لە کاتی بەرهەمهێناندا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە کە بە ووتەی دەرهێنەرەکە ناتوانرێت بە ئاشکرا باسی لێوە بکرێت. بەڵام پابەندبوون بە گەیاندنی دەنگی دەیان هەزار پەنابەر، وای لێکردن بەردەوام بن. بەڵام ئەم کارە بەنرخە لە کاتی پەخشکردنی دا لەگەڵ زۆر كێشەی ئاشکرا بەرەوڕوو بووەوە.

تۆڕەکانی وەک دەنگی ئەمریکا نەک هەر ڕەتیانکردەوە بانگەشە بۆ فیلمەکە بکەن، بەڵکوو تەنانەت هەواڵی خەڵاتکردنی فیلمەکەیان ڕووماڵ نەکرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرهەمەکانی هاوکارانی دیکە پشتیوانییەکی بەرفراوانی میدیایییان بەدەستهێناوە. تەنانەت هەندێک کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ و مافی پەنابەران دەکەن، لە بەرامبەر ئەم دۆکیۆمێنتارییە بێدەنگ بوون.

ئەم بێ بایەخیانە کە درووستکەران پێیان وایە نەیانهێشت فیلمەکە زیاتر بدرەوشێتەوە، ئاماژەن بۆ جیاکاری و نادادپەروەری لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمە هونەریەکانی پابەندبوون بە پرسە مرۆییەکان.

سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی کە لە فیلمەکە گیراوە، بەڵام بەدەستهێنانی خەڵاتی برۆنزی دەرئەنجامی هەوڵە ماندوو نەناسەکانی گرووپێکە کە گێڕانەوەیەکی کاریگەریان لە دۆخێکی ئاوارەبووندا درووستکرد. 

دەرهێنەری فیلمەكە، سۆران خاتری خەڵاتەکەی بە سەرجەم ئاوارەکان بەتایبەتی ماکوان کە هێمای سێ نەوەی ئاوارەیی و ئازارە پێشكەش كرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە تەنها بەشێکە لەو ئەرکەی کە هەستی پێدەکەن بەرامبەر بەم کۆمەڵگایە.

ئەم بێ مێهریە جارێکی دیکە پرسیاری جیددی لەبارەی پابەندبوونی ڕاستەقینەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و میدیای فارسی زمان بە پرسی پەنابەرانەوە ورووژاندووە. 

بۆچی ئەو دەنگەی هاوار بۆ دادپەروەری دەکات بەم شێوەیە پەراوێز دەخرێت؟
 

ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە