سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ شاندێكى ئهنجوومهنى پیرانى ئهمریكا كۆبووهوه

پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ شاندێكى ئهنجوومهنى پیرانى ئهمریكا كۆبووهوه
شەممە ٢٠٢٥/٥/٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ھەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێزان ئەنگەس کینگ، سیناتۆری سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانکفۆرد، سیناتۆری کۆماری لە ویلایەتی ئۆکلاھۆما و شاندیکی (یاوەریان) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ھاوکاری ھاوبەشیان بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، ھەروەھا دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد و دەربارەی دۆخی سووریا و پێشھاتەکانی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری بەردەوامی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پشتگیری کۆنگرێسی لە پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی، ھەروەھا ئاماژەی بە گرینگی پەرەپێدانی ھاوکاری نێوانیان لە بوارە جیاکاندا کردەوە. هەروەها بەتایبەتی باسی لە دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی ئەمریکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە شاندی میوان وێڕای ستایشی پیشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە بایەخێکی زۆر و وەک ھاوپەیمانێک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت. ھەر لەمبارەیەوە جەختیان لە بەردەوامی پابەندی ئەمریکا بۆ پشتگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێکگەییشتن، ھەروەھا داکۆکییان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە کردەوە.





