"رێککەوتنەکەی حکوومەتی ھەرێم و ئەمریکا بە زیادەوە گاز بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات"

"رێککەوتنەکەی حکوومەتی ھەرێم و ئەمریکا بە زیادەوە گاز بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات"
پەیامی کورد   ...   "رێککەوتنەکەی حکوومەتی ھەرێم و ئەمریکا بە زیادەوە گاز بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات"

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەێنێت، ئەو رێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی گازی پێویست بە زیادەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەم بۆ کەرتی کارەبا و ھەمیش بۆ ماڵان دابین بکات.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، گرێبەستی وزە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا زۆر زۆر گرینگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر لەوەی ئێمە پێویستمانە بۆ ناوخۆ لە گاز دابین بکرێت، بە تایبەت بۆ کارەبا کە ئێستا ئەوەی ھەیە نیوە کەمتر لەوەی پێویستمانە بۆ کارەبا بۆمان دابین دەکرێت، بەڵام بەو رێککەوتنە زیاتر لەوەی پێویستمانە دابین دەکرێت، لەبەر ئەوە ئەو گرفتەی ئێمە چارەسەر دەکات.

سوبحی ووتیشی، ھەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق ھەر زوو دژایەتی ئەو رێککەوتنەی کرد، بەڵام راستییەکەی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ھیچ کێشەیەکی نییە و یاسایی و دەستوورییە، چوونکە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە پێشتریش لە ھەرێمی کوردستان کاریان کردووە، بۆیە ئەوانە دێن لە سێ کێڵگەی سەرەکی کار دەکەن، ئەوانیش بریتین لە کوردە نێت و تۆپخانە و میران و نزیکەی حەوت کێڵگەی دیکەش ھەن کاری تێدا دەکەن، لەبەر ئەوەی بۆ وەرزی ھاوین پێویستمان بە گازی زیاتر ھەیە، بۆیە ئەوانە دێن کار دەکەن و گاز ھەم بۆ کارەبا و ھەمیش بۆ ماڵانیش دابین دەکەن، ئەمەش سوودی نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ عێراقیش سوودی دەبێت، بۆیە ئەم رێککەوتنە جگە لەوەش کاریگەری لەسەر سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەبێت و ئەوان پێشتر دیراسەی دۆخەکەیان کردووە ئەوکات گرێبەستیان لەگەڵ ھەرێم ئەنجام داوە، لەبەر ئەوەی نێودەوڵەتین و ئەستەمە کارێک بکەن دژی یاسا و دەستوور بێت.

دەشڵێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگمان  ھەیە تەنیا سوود لە ١٣ ترلیۆن مەتر سێجا وەردەگرین، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و جێگەی بایەخدانە، بەداخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق دوو بەیاننامەیان دەرکردووە ئەمانە یاسایی نین و باس لەوەش دەکات دژی دەستوورە، کە ئەمەش ڕاست نییە و ھیچی دژی یاسا و دەستوور نییە، چوونکە یاسای نەوت و گازمان نییە و گرێبەستەکانیش تازە نین، بەڵکوو ١٥ ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەیاننامەی دووەمیش جۆرێک لە پەشیمان بوونەوەیان پێوە دیارە، چوونکە ھەموو ووڵاتان ھەوڵ دەدەن ئەمریکا گرێبەستیان لەگەڵ بکات، بۆیە ئێستا دەرفەتێکی زێڕین لە بەردەم ئێمە ھەیە لەلایەن ئیدارەی ترامپ، کە ئیدارەیەکی زیاتر ئابوورییە، بۆیە ئەوەی گرینگە ئێمە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دەڕۆین.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، پێویست بوو حکوومەتی عێراق بە تایبەت وەزارەتی نەوت پیرۆزبایی لە ھەرێمی کوردستان بکەن، کەچی دێن دژی دەوەستنەوە، لە کاتێکدا کە لە قازانجی ئەواندایە و ھەرێمی کوردستانیش لە ڕووی گازەوە دەوڵەمەندە، ئەوەی گرینگیشە لەو رێککەوتنە تەنیا گاز دەرناھێنن، بەڵکوو نەوتیش دەردێنن بەپێچەوانەی کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام زیاتر کار لە بەرھەمھێنانی گاز دەکەن، بۆیە بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا کار بکەن و گاز و نەوت بەرھەم بێنن، کە لەمساڵدا دەبێت.

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە