کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان : ئەمڕۆ یەکشەممە دەرگای کۆمیسیۆن دەکرێتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان : ئەمڕۆ یەکشەممە دەرگای کۆمیسیۆن دەکرێتەوە
پەیامی کورد   ...   کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان : ئەمڕۆ یەکشەممە دەرگای کۆمیسیۆن دەکرێتەوە

ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ووتی، یەکشەممە دەرگای کۆمیسیۆن بۆ پێشکەش کردنی ناوی کاندیدان لەلایەن لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن دەکرێتەوە، کە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

جومانە غەلای، ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: یەکشەممە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەرگای پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان دەکرێتەوە، کە لە رۆژی ٢٥/٥ تاوەکوو ٢٤/٦ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا لایەنەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و ھاوپەیمانەکان دەتوانن ناوی کاندیدەکان پێشکەش بکەن، بۆیە داواکارین ئەوانەی نیازی بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان ھەیە، لەو ماوەیەدا ناوەکانیان پێشکەش بکەن.

غەلای ووتیشی، سبەی لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوام دەتواندرێت ناوی کاندیدەکان پێشکەش بکرێت تاوەکوو کۆتایی دەوامی رۆژی ٢٤/٦ و تاوەکوو ئێستاش دیار نییە وادەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود لەو وادەیەدا کۆتایی دێت.

لای خۆشیەوە، خالد عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند : بۆ ئەم ھەڵبژاردنە مەرجەکانی کاندیدبوون گۆڕاون و پێویستە ئەوەی کاندید بکرێت بڕوانەمەی لە بەکالۆریۆس کەمتر نەبێت و تەمەنی لە ٣٠ ساڵ زیاتر بێت، هەروەها لەلایەن دەستەی دەست پاکییەوە بێ کێشە بێت و ھیچ تاوانێکی نەکردبێت، بۆ کاندیدی سەربەخۆش پێویستە ٥٠٠ ئیمزای ئەو کەسانە بێنێت کە پشتگیری دەکەن بۆ ھەڵبژاردن و ھەمووشیان ناویان تۆمار کرابێت و کارتی دەنگدانیان ھەبێت، ئەگەرنا رێگە نادرێت خۆی کاندید بکات، بۆیە پێویستە بەپێی ئەو مەرجانە لایەنەکان و کاندیدە سەربەخۆکان ناوەکان تۆمار بکەن.

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە