دزەیی : ئهم ڕێککەوتنه سەرمایەگوزاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد دهكات

پەیامی کورد ... دزەیی : ئهم ڕێککەوتنه سەرمایەگوزاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد دهكات
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان زۆر گرینگە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دایە، چوونکە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بەگاز ھەیە بۆ چەندین بواری جیاجیا، بۆیە پێویستە بەغداش لەوە تێبگات ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەموو عێراقە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبهتدا ڕایگەیاند، "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژووی کردووە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و بوونیان ھەیە و تەنھا خاوەنداریەتی ئەو دوو کێڵگەیە ئاماژەی بۆ کراوە دراوە به ئەو دوو کۆمپانیایە، بۆیە گرێبەستەکە پێویستی بە واژووکردن ھەبوو، کە ئەو دوو کۆمپانیایە زیاتر کاردەکەن بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنان لەو دوو کێڵگەیە، بەتایبەت گازی سرووشتی و نەوتیش بەھەمان شێوە، کە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستی بەگاز ھەیە ھەم بۆ سوود وەرگرتن بۆ کارەبا و بۆ گازی ماڵانیش و بۆ پیشەسازی، بۆیە سوودی بۆ ھەموو عێراق ھەیە و ھیوادارین ئەوانیش لەوە تێبگەن لە بەغدا کە سوودی بۆ ھەموو عێراق ھەیە، ھیواداریشین بەزووترین کات بەرھەمی گازی سرووشتی زیاد بکرێت و ئەمە دەستکەوتێکە كه سەرمایەگوزاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد دهكات کە یەکێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیش.
سەفین دزەیی باس لەوەش دەکات: لەمیانەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ دیدار لەگەڵ سینات و کۆنگریس ھەبووە و بڕیارە دیداری لەمەودوا لەگەڵ خودی ئیدارەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتەکانی دیکە ئەنجام دەدرێن و ئەوان خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن و ئەوانەی دیدارمان لەگەڵ کردوون ئەوان پاڵپشت و یاسادانەرن، بۆیە سەردانێکی سەرکەوتوو دەبێت و ئومێدەوارین بەردەوامی ھەبێت ئەم جۆرە سەردانانە بۆ ئەمریکا و بۆ ووڵاتانی دیکەش، بۆ ئەوەی گوێ لە بۆچوون و ھەڵوێستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگرن.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




