شێروان حەیدەری : نەوت و گاز موڵکی ھەموو گەلانی عێراقە

پەیامی کورد ... شێروان حەیدەری : نەوت و گاز موڵکی ھەموو گەلانی عێراقە
وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پهیوهست به ئەو گرێبەستانەی لە واشینتۆن کراون دهڵێ، ئهو گرێبەستانە تەواو یاسایی و دەستوورین و لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانه و دەبنە هۆی بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری و زیادبوونی هەلیکار و ڕاکێشانی غازی ماڵان و بووژانەوەی ئابووری.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،ووتی، "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکا واژووی کردووە یاسایی یە، چوونکە کاتی خۆی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە کرابوو بۆ دەرھێنانی ووزە، ئێستا ئەوەی کراوە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەیە لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە بە سەرمایەی ١٠٠ ملیار دۆلارە، بۆیه ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی یاسایی و دەستوورییە و ھیچ پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە، چوونکە لە دەستووردا ھاتووە نەوت و گاز موڵکی ھەموو گەلانی عێراقە، حەیدەری ووتیشی، "دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی لەخۆڕا نایەن گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوان دیراسەتیان کردووە و زانیویانە یاسایی و دەستوورین ئەوجا گرێبەستیان کردووە، ئهوهش لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانە."
ئێوارەی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانی ئەمریکا لە واشینتۆن، سەرپەرشتی و چاودێری ڕێوڕەسمی واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرینگی لە بواری وزەدا کرد.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرینگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێش خستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە




