سەربەست لەزگین : بە ھەوڵی ھەموولایەک ھەرێمی کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت

پەیامی کورد ... سەربەست لەزگین : بە ھەوڵی ھەموولایەک ھەرێمی کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت
سەد گەنجی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی دھۆک، سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە دھۆک کرد، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ووتی "ھەرێمی کوردستان سەرەڕای تەحدیات و بەربەست و دانانی بۆمبی زۆر لە بەردەمی، پێشەوەچوونی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە ھەوڵی ئێوەی گەنجان کە داھاتووی کوردستانتان لەسەر شانە ئەو بۆمب و تەحدی و بەربەستانەی ھەن تێدەپەرێنین و کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت."
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لە ووتەیەکدا ڕایگەیاند "خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک سەردانتان کردوین، سوپاستان دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و پێویست بوو ئێمە سەردانی ئێوە بکەین، ئێستاش ئەو بارەگایە ھی ئێوە ھەمووانە، ھەموو کوردێکی دڵسۆز و ھەموو خەڵکی بادینان لە بەردەڕەش تا زاخۆ، بۆ ھەموو کوردێکی دڵسۆز و کوردپەروەر، بۆیە دڵخۆشین بەو شێوەیە ھاتنە لامان و پێتان سەربەرزین، ئێوە کەسانێکن پسپۆریی وەرزشی بەشێوەیەکی ئەکادیمی وەردەگرن، لە داھاتوو دەبنە کەسانی شارەزا و پسپۆر لەو بوارە و لە ئێمە زیاتر سود دەبەخشن، چوونکە وەرزش تەندروستییە.
دواتر ئەگەر ببنە ماموستای وەرزش یاخود لە بواری دیکە کار بکەن، هەر سودمەند دەبن، چونکە وەرزش گۆڕەپانێکی فراوانە، ئێوەش دەبینن وەرزش لە دنیا چەند ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەی ھەیە، ئەوەی لەڕێگەی وەرزش دەکرێت لەڕێگەی دیکە ئاسان نیە، بۆیە دەستخۆشیتان لێ دەکەین، ئەوەی ھەڵتانبژاردووە بنەمایە بۆ ھەموو شتێک."
سەربەست لەزگین ووتیشی "داھاتووی میللەت و ووڵاتی ئێمە لەسەر شانی ئێوەیە، ئێوە پاشەڕۆژی وڵاتن، وڵاتی ئێمە لە زۆر قوناغ تێپەڕبووە و مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، زۆر ھەوراز و نشێوی بینیوە، لە ئەنجامی قوربانییەکان لە ڕابردوو گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی ئێستا، ھەر چەندە ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە پێویست بوو زۆر باشتر بێت، ئەگەر بە خەبات و قوربانیدان و خوێن بەراوردی بکەین، دیارە زۆر تەحدیات و بەربەست و کێشەمان لەڕێگەدا هەبووە و تێمانپەڕاندووە، زۆر بۆمبمان لەسەر ڕێگەی خۆمان ھەڵگرتووە، ئەمڕۆش تەحدیات و چاندنی بۆمب بۆ پێشکەوتنی کوردستان بەردەوامە، بۆیە بە هەموو لایەک کۆشش دەکەین ئەو دۆخە پێش بخەین و دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان دابین بکەین، لەم ڕێگایەش پێویستە بەھای خاک ووڵات لە ھەمووشتێک پیرۆزتر ببینین، ئەگەر خاک و ووڵاتێکی ئازادمان ھەبێت مرۆڤ دەتوانێت داھێنان و پێشکەوتنی زیاتر بکات و خزمەتی زیاتر بکات، ڕەنگە لەڕووی وەرزش زۆر بەربەست و کێشە ھاتبنە پێش، ئێمە وەکو حکوومەت و پارتی نەمانتوانیبێت بۆ گەنجانی خۆمان دابینی بکەین یان بە ژێرخانێکی باش کودستان ئاوا بکەین، بەڵام ئامانجی حکوومەت و پارتی ئەوەیە، ژێرخانێکی زۆر باشی وەرزشی ھەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی ڕۆڵی ھەرێم بەرچاوە و شانازی پێوە دەکەین."





