ملیۆنێک دار لە دھۆک و لە ھەولێریش ٦٠ ھەزار گوڵ دەچێندرێت

پەیامی کورد ... ملیۆنێک دار لە دھۆک و لە ھەولێریش ٦٠ ھەزار گوڵ دەچێندرێت
لە پارێزگای ھەولێر ١٤ پارک و باخچە نۆژەنکراونەتەوە و نزیکەی ٦٠ ھەزار گوڵیش چێندراون، ھاوکات لە دھۆکیش ملیۆنێک و ٤٠ ھەزار داری زەیتوون و فستەق دەچێندرێن.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر ، ڕایگەیاند، لەسەر پێشینەی مانگانەی خۆمان ١٤ پارک و باخچە نۆژەنکراونەتەوە و ئەو بڕگە سەرەکیانەی پێویستن بەھۆی قەیرانی دارایی نۆژەن نەکرابوونەوە، دەست بە نۆژەنکردنەوەیان کراوە، وەکو ڕووناکی و بۆیاغ کردن و بەردەوامیش دەبین تاوەکوو ھەموویان نۆژەن دەکرێنەوە، کە لە ھەولێر ٦٨٦ شوێنمان ھەیە لە پارک و باخچە و دارستان و دوورگە و نافوورە.
بەڕێوبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر ئاماژەش دەدات، ھەر ئەمساڵ زیاتر لە ٥٨ ھەزار گوڵ بەپێی وەرزەکان لە ھەولێر چێندراون و بۆ وەرزی ھاوینیش نزیکەی ٢٠ ھەزار گوڵی جۆری قەدیفە دەچێنین، کە ھەمووشیان لە نەمامگەکانی خۆمان بەرھەم دێنین.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری کشتوکاڵی دھۆک، ڕایگەیاند، لە پارێزگای دھۆک دوو پڕۆژەی چاندنی دار کە کەرتی تایبەت ئەنجامیان دەدات، لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش چاندنی یەک ملیۆن دار لەلایەن کۆمپانیای کاڤین گرووپەوە بەڕێوە دەچێت و تا ئێستاش نزیکەی ٢٠٠ ھەزار داریشیان چاندووە و بەردەوامیش دەبن، پڕۆژەی دووەم لە ئاکرێ ٤٠ ھەزار دار دەچێندرێن، بۆیە دەمانەوێت لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە زۆرترین دار بچێنین ھەم بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و ھەمیش داری بەرھەمدار وەکوو زەیتوون و فستەق، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی دھۆک لە چاندنی دار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببێتە یەکەم پارێزگا.
جەمیل، ھاوکات دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکان و شارەکانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکات و لەو چوارچێوەشدا ھەنگاوی زۆر باش نراوە.
ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە




