ووریشە مورادی : دار ئێمە ناشکێنێت؛ تەنیا ڕەگەکانمان لەناو خاک دا قووڵتر دەکات

ووریشە مورادی : دار ئێمە ناشکێنێت؛ تەنیا ڕەگەکانمان لەناو خاک دا قووڵتر دەکات

پەیامی کورد   ...   ووریشە مورادی : دار ئێمە ناشکێنێت؛ تەنیا ڕەگەکانمان لەناو خاک دا قووڵتر دەکات
 
ووریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەبۆنەی ١٥ ساڵەی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و چوار هاودۆسییەی دیکەی، نامەیەکی لە زیندانی ئێڤینەوە بڵاو کردەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە نامەکەیدا ڕوو بە فەرزاد کەمانگەر، نووسیویەتی: ''من نەک بە چاو بەڵکوو بە گیان تۆم بینیوە؛ لەنێو فرمێسکی ئەو منداڵانەی کە باوکیان لە شاخەوە نەگەڕاوەتەوە، لە هاواری بێدەنگی ئەو دایکانەدا کە زمانیان بە تاوان دادەنرا، "ئەوانەی داریان بۆ هەڵواسی، تێنەگەیشتوون کە دار، باڵای کەسێک ناچەمێنێتەوە کە ڕوو بە ئاسۆ ڕاوەستاوە".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی شیرین عەلەم‌هوولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مێهدی ئیسلامیان، خۆی بە درێژەپێدەری ڕێگەی ئەوان زانی و جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە بۆ وەستان لە دایک بووین نەک ڕاکردن".

ووریشە لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی : "ئەگەر مردن باجی هەڵگرتنی ڕاستییەکانە، با منیش باجەکەی بدەم. دار ئێمە ناشکێنێت؛ تەنیا ڕەگەکانمان لەناو خاک دا قووڵتر دەکات."

ووریشە مورادی ٢ ساڵ بەر لە ئێستا لە شاری سنە بە شێوەیەکی تووندوتیژانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا. لە ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، لە زیندانی وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، و بەشی ژنانی ئەم زیندانە گواسترایەوە.

وریشە مورادی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر ئەبووقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
 

 

ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە