مەسرور بارزانی بۆ یەکیتی قوتابیان و لاوان : چالاکانەتر بەردەوام بن

پەیامی کورد ... مەسرور بارزانی بۆ یەکیتی قوتابیان و لاوان : چالاکانەتر بەردەوام بن
جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکیتی قوتابیان و یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوام بن لە ئەرکی نیشتمانی خۆیان
پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ڕێککەوتی 14ـی 5ـی 2025، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکیتی قوتابیان و یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکگرتنی هەردووو ڕێکخراوی یەکیتی قوتابیان و یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو، کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆنگرەکە ببەستن.
مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرینگی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لە سەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.
جێگری سەرۆکی پارتی دەستخۆشی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوامبن لە ئەرکی نیشتمانی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکان.
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




