ووتەبێژی حکوومەت : کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوودی ھاووڵاتییانە

پەیامی کورد ... ووتەبێژی حکوومەت : کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوودی ھاووڵاتییانە
ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوودی ھاووڵاتییانە ئەگەر بزانن بەکاری بھێنن و سەبارەت بە نەناردنی مووچە دەڵێت، مافە دەستوورییەکانمان پێشێل دەکەن و بەبێ ھۆکار مووچە دوادەخەن.
چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، پێشەوا ھەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دواھەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ھاووڵاتییان بزانن چۆن کۆنتڕۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن، ئەم پڕۆژەیە وادەکات بەپێی پێویست و خواستی بەکارھێنان پارە بێتەوە، خۆتان بڕیار دەدەن مانگانە چەندتان بۆبێتەوە.
ووتەبێژی حکوومەت دەڵێت: " پڕۆژەی رووناکی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و بەم نزیکانە لە تەواوی ھەرێم ماڵەکانتان ڕووناک دەکەینەوە".
پێشەوا ھەورامانی باسی لەوەشکرد، ئەو بەشداربووانەی پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە، بە ڕێژەکانی ٥٠٪ و ٢٥٪ و ١٥٪ لێخۆش بوونیان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن و بەرچاوڕوونییان ھەبێت لەسەر نرخەکەی.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھیچ ھۆکارێکیان بەدەستەوە نییە بۆ دواخستنی مووچە، بۆ مووچەی مانگی نیسانیش دەبوایە لەگەڵ گەیشتنی لیستی مووچە، ڕاستەوخۆ واژووی لەسەر کرابا، ئەو دەنگۆیانەش کە دەوترێت حکوومەت کەمتەرخەمە و وەزارەتی دارایی کێشەی تەکنیکی و ھەڵەی ھەیە لە ناردی لیستی مووچە، ھیچیان ڕاست نین.
ووتەبێژی حکوومەت دووپاتی دەکاتەوە: "ئێمە ٢٠ ڕۆژ بوو بەبێ کەموکوڕی لیستی مووچەمان ڕەوانەی وەزارەتی دارای عێراق کردبوو، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمیان بە درەنگی نارد، بەبێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێک بخەنە بەردەستمان و بڵێن لەبەر ئەو ھۆکارە مووچە دواکەوتووە".
پێشەوا ھەورامانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لە دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی کرد و ووتی: "بەپێی یاسای دەرچووانی پزیشکی، دەبێت دەرچووانی ئەو بەشە دابمەزرێن، وەزارەتی تەندرووستی ناوی ٧٠٠ دەرچووی ناردووە کە وەک پزیشک لە ھەرێمی کوردستان پێویستیمان پێیان ھەیە، بەڵام ناوی ھەموویان ڕەتکرایەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، یەک ملیۆن کەس لە عێراق دامەزراون کە یەک نەفەریان لە پشکی ھەرێمی کوردستان نەبووە".
ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە




