چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن"

چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن"
پەیامی کورد   ...   چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن"

دوای سەردانەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی و بڕیاردان لە چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری، كاركردن لە پڕۆژەکاندا دەستی پێكردووە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش تەواو کراون.

جەمال عومەر، بەڕێوبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند، سایلۆی هەڵەبجە مانگی 11ی ساڵی 2023 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە بە گوژمەی 27 ملیار دینار، کە لە ئێستادا 80%ی كارەكانی تەواو بووە و مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی دانا، کە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و هەموو چووتیارانی ناوچەكە سوودمەند دەبن لێ و ماوەی جێبەجێ كردنی پڕۆژەکەش 700 ڕۆژە، کە دەتوانێت 40 هەزار تەن گەنم ئەمبار بكات.

جەمال محەمەد دەڵێ، پڕۆژەی ڕێگای پردی تووەقووت لە ساڵی 2024 سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی بەردی بناغەی دانا، کە زیاتر لە 34 ملیار دینار بوودجەكەیەتی و كاركردن تێیدا بەردەوامە و پڕۆژەیەكی زۆر گرینگی هەڵەبجەیە، هەندێك گۆڕانكاری لە دیزاینی پردەكە دەكرێت بە هۆی دانەبەزینی ئاستی ئاو، کە پارێزگای هەڵەبجە بە قەزای دەربەندیخان و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاكانی عێراق دەبەستێتەوە.

محەمەد ئاماژەشی دا، پردی تەنگی سەیمحەمەو بە بوودجەی 27 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت و لە ئێستادا كاركردن لە پڕۆژەكەدا دەستی پێكردووە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە ڕێگاکە كورت و ئاسان دەبێت بۆ هاووڵاتیانی ناحیەی بەمۆ و ناوچەی تاوگۆزی بۆ گەیشتنیان بە هەڵەبجە.

ناوبراو زیاتر گوتی، پردی ڕێگای سازان دراوە بە بەڵێندەر كاری تێدا دەست پێبكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیوەی پردەكە دەكەوێتە سنووری خاكی كوردستانی ڕۆژهەڵات، نەتواندراوە كاركردن تێدا دەست پێبكات، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی ڕێگاكە، کە بێگومان پڕۆژەیەكی گرینگە و بە تەواوبوونی ڕێگا و پردەكە دەست دەكرێت بە كردنەوەی دەروازەی سازان وەك دەروازەیەكی فەرمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.

هاوکات زیاتر باسی پڕۆژەكانی كرد و ووتی، بە بوودجەی 30 ملیار دینار چەندین پڕۆژەی وەستاو كاركردن تێیاندا دەستی پێكردەوە و تەواو كران و چەندین پڕۆژەی نوێش كاركردن تێیاندا دەستی پێكرد، هەروەها 36 پڕۆژەی نوێ تریشمان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، تەنیا گرفتێكی نووسراومان ماوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، کە پاش چارەسەركردنی، چاودێری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەش دەكەین.

ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە