سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هێندووستان کرد

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هێندووستان کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هێندووستان کرد

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ھێندووستان لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە کارە نوێیەکەی دا بۆ دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی باڵیۆزی نوێی ھێندووستان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسوولی گشتی ھیندووستان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا.

مەسروور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەست بەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی و جەختی لە گرینگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھێندووستان کردەوە و سوپاسی کونسووڵی گشتی ھێندووستان یشی کرد بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا, باڵیۆزی ھێندووستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانی ھەرێمی کوردستانی کرد و خواستی ووڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری و بەدیجیتاڵ کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سیستەمی بانکی.

هاوکات سۆمین باگچی ئاماژەیدا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان ھەولێر و شارەکانی ھێندووستان ھەبێت.

ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە