سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق : پێویستە حکوومەتی عێراق لەم ھێرشەی سەر کەرتی ووزە بکۆڵێتەوە

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق : پێویستە حکوومەتی عێراق لەم ھێرشەی سەر کەرتی ووزە بکۆڵێتەوە
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق : پێویستە حکوومەتی عێراق لەم ھێرشەی سەر کەرتی ووزە بکۆڵێتەوە

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق دەڵێت: "ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر کەرتی ووزە لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لەو بوارە زۆر پێشکەوتووە و چاویان بەو پێشکەوتنانە ھەڵنایەت".

دکتۆر ئیحسان شەمەری، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق، ڕایگەیاند، "ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان و گاز دەکەنە ئامانج، ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەمنی قەومی عێراق، نەک تەنیا ئەمنی قەومی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەن بۆ سەر ھەموو ووزەی جیھانی، بەھۆی ئەوەی ووزە بۆ بازاڕی جیھان دابین دەکەن، بۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر بازاڕی جیھانیش دەبێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی سەرکەوتووی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجام داوە، ئەوەش بۆتە ھۆی سەخڵەت بوونی ھەندێک لایەن کە دژی ئەو ڕێککەوتنانەن، بۆیە لەڕێگەی ئەو ھێرشانە دەیانەوێت دژایەتی بکەن کە ئەستەمە بتوانن سەرکەوتووبن."
دکتۆر ئیحسان شەمەری گوتیشی "پێم وایە ئەو ھێرشانە بەشێکن لە ناکۆکی سیاسی و نایانەوێت ھەرێمی کوردستان لە دەستکەوتەکان بەردەوام بێت کە پێشکەوتنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە فشارێکە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، ڕەنگە بەهۆی ھەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان بێت کە سەبارەت بە مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات گرتوویەتییەبەر."

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق ووتیشی "ئەوەی دەکرێت وەکوو کارتێکی فشارە بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکانی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆیە حکوومەتی عێراق کە بەرپرسە لە دابین کردنی ئەمنیەتی ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان، پێویستە  بەجیددی لێی بکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت کێ ئەو کارەی ئەنجام داوە."
شەمەری ڕوونیشی کردەوە "ئەو ھێرشانە چەند کاریگەری نەرێنییان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبێت دووھێندە کاری گەری لەسەر عێراق دەبێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەجیددی کار لەسەر ئەوە بکات ئەو ھێرشانە دووبارە نەبنەوە، ناکرێت ئەو ھێرشانە بەو جۆرە بەردەوام بن و زیان بە ووزەی ھەرێمی کوردستان بگەینن، چوونکە ئەم زیانە بەر عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەوێت."

ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە