سەرۆکی نووسینگە لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە

سەرۆکی نووسینگە لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە
پەیامی کورد   ...  سەرۆکی نووسینگە لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە

دووشەممە 2025/1/27 د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو میشێل سایدەرز، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و شاندێکی یاوەری، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە  نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای خستنەڕووی دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی گشتی ناوچەکە، بیروڕا سەبارەت بە لێکەوتەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە تەوەری ناوخۆدا، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرایە بەر باس، لەمبارەیەوە، سەرۆکی نووسینگە دوا هەنگاوەکانی ناو پرۆسەکە و هەوڵەکانی سەرۆکایەتی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوون کردەوە.

کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و گرنگیی بەردەوامی و پەرەپێدانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە