سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له كرێكاران دەکات

پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له كرێكاران دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جەخت لە پشتگیری تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا رەواکانیان دەکەینەوە".
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی جیھانی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ھەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیھان و ڕێکخراوەکانیان دەکەم. ڕەنج و کۆشش و ماندووبوونیان لە بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەشداری کارا و بنەڕەتییان لە پێشخستن و گەشەسەندنی ووڵاتدا، بەرز دەنرخێنم.
جەخت لەسەر پشتگیری تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا ڕەواکانیان لە ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە، ھەروەھا پێداگری لەسەر پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و بەدیھێنانی دادپەروەری لە ھەلەکانی کار و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کرێکاران و خاوەنکاران دەکەین لەسەر بنەمایەک کە شکۆی کرێکار بپارێزێت و دڵنیایی گوزەران و ژیانیان، مسۆگەر بکات.
ھەر بەم بۆنەیەوە، بە ڕێزەوە ھەموو ئەو کرێکارانە بەبیردەھێنینەوە کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە و سڵاو لە خێزان و کەسوکاریان دەکەین. جەخت دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ چاودێری خێزانەکانیان بکەن و ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی پێویستیان بۆ فەراھەم بکرێت.
ھیوای پشوویەکی ئارام و ئاسوودە بۆ ھەموو کرێکاران و سەرکەوتن لە ھەوڵ و خەباتیان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەخوازم.
ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە




