ڕاگەێندراوێکی گرینگ لە نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە

ڕاگەێندراوێکی گرینگ لە نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە
پەیامی کورد   ...   ڕاگەێندراوێکی گرینگ لە نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە 

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکی لەبارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە لە دەرەوەی ووڵات گیریان خواردووە و لە ڕاگەێندراوەکەدا ھاتووە، پێویستە سەرجەم ھاوولاتیانی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا بکەن.

دەقی ڕاگەێندراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

ھاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەھاناوەچوونی ھاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ ھەموو ئەو ھاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە ھێڵە گەرمەکانەوە کردووە، یاخود فۆرمی ئانلاینی تایبەتتان پڕ کردووەتەوە و ئەوانەش لە ھەرشوێنێکی تری جیھان گیرتان خواردووە، تکایە بفەرموون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای ووڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

١. سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا کونسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا بکەن لەو ووڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی سێ ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ ووڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ ھەرێمی کوردستان.

٢. پێویستە ئەو تێکتەی کە پێی دەگەڕێنەوە، لە ووڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە ھێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ ھەر فڕۆکەخانەیەکی ووڵاتی تورکیا بێت.

٣. ھاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە بە ووردی لەبەرچاو بگرن:

• دڵنیا ببنەوە لەوەی کە تێکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کونسووڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چوونکە مەرجە تێکتەکەت لە ھێڵێکی تورکی بێت تاوەکوو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.

• دڵنیا ببەوە لەوەی کە٧٢ کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو ووڵاتە، چوونکە ڤیزەکە تەنھا بۆ ٧٢ کاتژمێرە.

• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزای ووڵاتی تورکیا پێشکەش دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو ووڵاتە نەبێت و ھیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو ووڵاتە لەسەر نەبێت.

• ئەگەر ھات و پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمێنیکا یاخود ھەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکوو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.

بۆ زانینتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکوو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.

تکایە لە بوونی ھەر کێشەیەک ھەمان ھێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکار بھێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازیتاندایە و ئاسانکاری تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتان دان. 

ئەو ھاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای ووڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکوو ھەر ھاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.

ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە