ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە پرۆژەی رووناکی سوودمەندن

ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە پرۆژەی رووناکی سوودمەندن
پەیامی کورد    ...   ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە پرۆژەی رووناکی سوودمەندن

بەڕێوبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "پڕۆژەی ڕۆناکی بەشێوەیەکی زۆر باش و بە پلان دانراو کارەکانی بەڕێوە دەچن، ئێستا لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، لە سۆرانیش دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، لە ھەر شارێکی دیکە ئامادەکاری کرابێت دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت." 

فارس میرخان، بەڕێوبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پڕۆژەی ڕۆناکی لە ھەرێمی کوردستان بەپێی پلانی دیاریکراو بەردەوامە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرینگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی خەڵک بەپێی پێویست کارەبا بەکار بێنێت و زیادەڕەوی نەکات، بۆ نموونە ئێمە پێشتر لە ھەولێر پڕۆژەیەکمان ھەبوو ١٤ مێگەواتی پێویست بوو، ئێستا بۆ شەش مێگەوات کەمبووەتەوە، ئێستا بەو پڕۆژەیە ڕێژەی بەکارھێنان زۆر کەمی کردوو.  دەتواندرێت کۆنتڕۆڵی کارەبا بکرێت، ئێستا ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ٤ھەزار و ٢٠٠مێگەوات کارەبامان ھەیە." 

فارس میرخان ووتیشی "ئێستا لە ھەولێر تا ١٢٠ مەتری ھەمووی تەواوبووە و بەشێکی سلێمانی و دھۆکیش تەواو بووە، بۆیە تا ئێستا ملیۆنێک و ١٠٠ھەزار ھاووڵاتی لێی سوودمەند بوونە، نزیکەی ٢٨٣ھەزار ھاوبەشیش کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەیە، ئێستا بەجیددی کاری تێدا دەکرێت، تا کۆتایی مانگی حەوت تا ١٥٠ مەتریش تەواو دەبێت، لە ھەولێر و ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی سلێمانی و دھۆکیش تەواو دەبن و لە سۆرانیش دەست پێدەکات، دواتریش بەپێی ئەو ئامادەکارییەی کراوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە سەرەتا لە سەنتەری شارەکان و تا کۆتایی ساڵی داھاتوو لە ھەموو ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، چوونکە پێویستی بە کات و کار ھەیە، بۆیە ئێستا لەسلێمانی پڕۆژەکە خێراتر لە دھۆکیش بەڕێوە دەچێت، بۆیە لە ھەر شوێنێک ئامادەکاری کرابێت دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، لەبەر ئەوەی خشتەی بۆ دانراوە." 

بەھۆی پڕۆژەی ڕۆناکی لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٠٠ھەزار ھاووڵاتی کارەبای ٢٤کاتژمێریان بۆ دابین کراوە، لە ٦٠ھەزار موڵکی بازرگانی و ٩٥ گەڕەک، ھەزار و ٢٦٠ موەلیدە کوژاونەتەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش بەردەوامە." 

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە