سەرۆک بارزانی : خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە

سەرۆک بارزانی : خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە
پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی : خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە

سەرۆک بارزانی ڕایدەگەێنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دوایی دا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.

پێنجشەممە، ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس) ڕایگەیاند، مێژووی خەباتی ماڵباتەکەیان لە شێخ عەبدۆلسەلام ەوە دەست پێدەکات کاتێک لە پێناو بەدیھێنانی مافی نەتەوەکەی و چەسپاندنی حەق و عەدالەت ساڵی ١٩١٤ لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە مووسڵ لە سێدارە درا.

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، مەلا مستەفا بارزانی وەکوو سەرکردە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بونیاتی کەسایەتییەکەیدا ھەبووە، دەشڵێت، کاتێک باوکی چووە یەکیتی سۆڤیەت، تەنیا تەمەنی شەش مانگ بوو، کە گەڕایەوەش بوو بووە ١٢ ساڵ، بەڵام ھەرزوو زانی لە پێناو دۆزی گەلەکەی پەنای بۆ ئەو وڵاتە بردووە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کورد بە درێژایی مێژوو، ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بووەتەوە و لە ماوەی مێژووی خەباتی نەتەوەییدا کارەساتی گەورەی بەسەردا ھێنراوە، بۆ نموونە ئەنفال و جینۆساید و ھێرشی کیمیایی لە مێژووی نوێدا لە دژی کراوە، بەڵام خاڵێکی گرنگە ھەیە کە گەلی کورد سەرباری ھەموو ئەو دوژمنکارییانە ھیچ کات نائومێد نەبووە، بەڵکوو ھەمیشە گەشبین و ئومێدەوار بووە بە ئامانجەکانی دەگات.

سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، کورد نەتەوەیەکە و لە کۆنەوە بوونێکی مێژوویی لەم ناوچەیەدا ھەیە تەنانەت زۆر پێش نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە لێرەیە، بەڵام بە درێژایی مێژوو ستەمی لێ کراوە بە تایبەتر دوای جەنگی یەکەمی جیھانی، بە شێوەیەک بەبێ ئەوەی پرسی پێ بکرێت، دابەش کرا. ھاوپەیمانانی براوەی جەنگەکە یەکەم جار لە میانی ڕێککەوتننامەی سیڤەر مافیان بە کورد دا، بەڵام دواتر لە پەیماننامەی لۆزان پەشیمان بوونەوە. ڕاستییەکەی ئەم دابەشکردنە دۆخێکی تاڵی بۆ کورد درووست کرد و بەجێ ھێشت.

سەرۆک بارزانی لە بارەی سووریا و پێشھاتەکانی ئەم ووڵاتە ووتی: ئەو گۆڕانکارییەی لەم ووڵاتە ڕووی دا، پێشبینی کراو بوو، بەڵام بەو خێراییە نا! ئەوەی ڕووی دا، گۆڕانکارییەکی گەورەیە و وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ناوچەکەدا. "پاشخانی سەرکردایەتی نوێی سووریا دەزانین، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان گرتە دەست، پەیامی ئەرێنییان بۆ ئێمە نارد، ھەر چەندە تا ئێستا پەیوەندی ڕاستەوخۆمان نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان ھەیە، پەیامەکەیان بۆ ئێمە ئەرێنییە، کە دەخوازن ئاشتی لە ووڵاتەکەیان بەرقەرار بێت و شەڕ نەبێت و دەیانەوێت لەگەڵ کورد بگەنە لێکگەیشتن، لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ کوردی سووریا ھەوڵمان دا یەک ھەڵوێستیان ھەبێت و یەک بۆچوونیان بۆ داواکاری کورد لە حکوومەتی نوێی سووریا ھەبێت. ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥، کۆنفرانسێک لە قامیشلی بەڕێوە چوو، کورد لەم کۆنفراسەدا ڕێک کەوتوون کە یەک ھەڵوێستیان ھەبێت و بە یەک ھەڵوێستیش بچنە دیمەشق، ئێمەش پشتیوانی لەوە دەکەین، چارەسەری کێشەکان بە ئاشتییانە بکرێت."

سەرۆک بارزانی لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ووتی: لە مەھاباد کە شارێکی کوردییە لە ئێران لەدایک بووە، بە گشتی ئێران دەوڵەتێکی گرینگی ناوچەکەیە و دراوسێی ھەرێمی کوردستانە کە ھەرگیز نەیویستووە کێشەی لەگەڵ ئێران ھەبێت، بەڵام دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بێت. ھەرێمی کوردستان ھیچ کات نایەوێت کێشەی لەگەڵ ئێران ھەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا نایەوێت نە ئێران و نە ھیچ ووڵاتێکی دیکە دەست بخاتە ناو کاروبارە ناوخۆییەکانی. پەیوەندییەکان ھەندێک جار گرفتی تێ کەوتووە، بەڵام ئێستا ئاسایی و باشە. "نامانەوێت کەس دەست بخاتە ناو کاروبارەکانمان."

ھاوکات لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: چارەکردنی کێشەکان لە نێوان دوو ووڵات یاخود لە نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ زۆر زۆر باشترە لەوەی پەنا ببرێتە بەر شەڕ وەکوو ئامرازێک بۆ چارەسەری. ھەرێمی کوردستان ئومێدەوارە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامێکی باشی ھەبێت، کە چاکە و بەرژەوەندی گەلی ئێران و ھەموو گەلانی ناوچەکەی تێدا بێت و ببێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، واتە ڕێککەوتنێک نەبێت لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە.

سەرۆک بارزانی لە بارەی ھەڵوێستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کە دەڵێت: "دەبێت ئێران خاڵی بێت لە ئەتۆم". ووتی، ئەم لێدوانانەی ئەم دواییانە وەکوو دەبیندرێت دژ بە یەکدین. "من لە بارەی بابەتی ئەتۆم زۆر شارەزا نیم و ئاخۆ بە چ شێوەیەکە؟ بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێینەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، جەختیش دەکەینەوە، ئەمە ڕێککەوتنێک نەبێت کڕین و فرۆشتنی خەڵکی دیکەی تێدا بێت."

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە