سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هەولێرییەکان کۆبووەوە

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هەولێرییەکان کۆبووەوە
سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری هەولێر، سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هەولێرییەکان کۆبووەوە.
لە ووتارێکدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: کە باسی هەولێر دەکرێت واتا باسی مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەم ووڵاتە دەکرێت و ئەمڕۆ هەولێر پایتەختە و جێگە و پەناگەی هەمووی لێقەوماوێک و هەموو ئازادیخوازێکە.
لە ووتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا هەر هەڵبژاردنێک گرنگە و بە نسبەت ئێمە شتێکی مەبدەئییە و بڕوامان بەوە هەیە کە میللەت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات هەر وەک لە مانگی ئاداری 1991 لە کاتی ڕاپەرین لە کۆیە داوام کرد هەڵبژاردن بکرێت و میللەت بڕیاری خۆی بدات.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کەشێکی ئارام دا ئەنجام بدرێت.
هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە قۆناغەکانی هەڵبژاردن کرد لە عێراق لە ساڵی 2005وە تا ئێستا و وێرای خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکان لە سەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە لەبەر بەرژەوەندی گشتی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین و هیوادارین دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری بکرێت و خەڵکێک بێت کە هەست بە بەرپڕسیارییەتی بکات و چارەسەری کێشەکان بکرێت.
سەرۆک بارزانی بۆ ئامادەبووان ووتی هەڵوێست و ڕای ئێوە زۆر گرینگە و ئێوە خۆتان هەموو شتێک لەبەر چاوتانە و ئەوەی بە باشی دەزانن بۆ هەولێر و کوردستان و عێراقیش ئێوە ئەو بڕیارە بدەن.
لەبارەی کاروانی ئاوەدانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان سەرۆک بارزانی ووتی پرۆژەی زۆر کراوە، ئەمە منەتی تێدا نییە و ئەمە ئیشی حکوومەتە، پارتی بۆ ئەوە درووست بووە خزمەتی ئەم میللەتە بکات، پارتی هەر چی بیکات بۆ ئەم میللەتە و بۆ هەولێر هێشتا کەمە.
هەر لەو ووتارەی دا سەرۆک بارزانی هەڵوێستی مەردانە و دۆستانەی خەڵکی هەولێری باس کرد لە کاتی پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان و ئەنفالی ساڵی 1988 و ڕایگەیاند هیچ کات گەورەیی خەڵکی هەولێر لەبیر ناکرێت و هەتا ماوین قەرزداری ئێوەین.
هەروها سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند هەولێر شاری پێکەوەژیانە، فەرهەنگی پێکەوەژیان فەرهەنگێکی دەوڵەمەندە و ئێمە پێی سەربەرزین و بەهێزترین چەک بووە بەدەست ئێمە لە دەرەوە و لەهەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە شانازی پێوە دەکەین و دەبێ ئەم فەرهەنگە بۆ نەوەکانی داهاتوو قووڵتر و بەهێزتر بکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند وامان دەبینی دوای 2003 دەرفەتێکی زێڕین بێتە پێش کە هەموو تاکێکی عێراقی بە ماف و ئەرکی خۆی بگات بۆیە چووینە بەغدا و بە هەموو نیەتێکی پاک هەوڵمان دا تا گەیشتینە ئەو قۆناغەی دەستوور ئامادە کرا لە ساڵی 2005 کە بۆ ئەو کات و ئێستا و ئاییندەش بەشی ئەوە شتی ئیجابی تێدایە کە کاری پێبکرێت و سوودی لێوەربگیرێت و ئێمە پشتگیری ئەو دەستوورە دەکەین بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکوومەتی بەغداوە جێ بەجێ نەکرا، ئێستاش زۆر شت کە پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کوردستانەوە بە یاساکانی سەردەمی رژێمی بەعس حوکم دەکەن.
سەبارەت بەوەی کە عێراق ووڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب و فرە ئایین ە سەرۆک بارزانی باسی لە هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووردا کرد و ڕایگەیاند ئەگەر کورد نەبووایە بەنیاز نەبوون ئەو بڕگەیە لە دەستووردا بچەسپێنن.
سەرۆک بارزانی هیوای خواست هەموولایەک بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و کێشەکان چارەسەر بکرێن و چیتر مافەکانی دەستووری و یاسایی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە بەردەوامی برایەتی و پێکەوەژیان کردەوە و لەو چوارچێوەیەدا باسی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول کرد کە عەرەب و مەسیحی و تورکمان لە سەرکردایەتی شۆڕش بوون.
سەبارەت بە دۆخی کوردستان و پڕسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ سەرۆک بارزانی دووبارە جەختی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حکوومەتی نوێ پێک بهێندڕێت.
لە بە شێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو پڕۆژە ستراتیژییانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێن بە تایبەت درووستکردنی بەنداوەکان کە کاریگەری زۆریان دەبێت لە پاراستنی ئاو لە کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو لە داهاتوودا.
جەختیشی لە پاراستنی ژینگە و پەڕەپێدانی کلتووری ژینگەپارێزی کردەوە.
لە کۆتایی دا سەرۆک بارزانی دووبارە سوپاسی ئامادەبووانی کرد و ڕایگەیاند لە هەولێری و هەولێرییان فێری ڕەوشت و مرۆڤدۆستی و مەردایەتی دەبین.
ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە




