سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق کرد

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق کرد
سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدۆلئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپا ساڵاری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک پلەداری باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق.
لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا بە تایبەت و هەماهەنگی و لێک تێگەیشتنی هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی عێراق بە گشتی و ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی. هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، و پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی دوولایەنە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنی سووریا و سنوورەکانی لەگەڵ عێراق تاوتوێ کران.
هەر لەو دیدارەدا باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش کرا کە هێشتا مەترسی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە، لەم پێناوەدا پێویستی بەردەوامی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سوپای عێراق و پێشمەرگە و پتەوکردنی هاوکاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گرینگ زانرا.
کۆتایی هاتن بە ئەرکی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو و مەترسی و ئەگەرەکانی بارودۆخی دوای ئەو قۆناغە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەبوون.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




