فارس عیسا : کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا عەقلیەتە

پەیامی کورد ... فارس عیسا : کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا عەقلیەتە
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، "کێشەی گەورەی ئێمە لەگەڵ بەغدا عەقلیەتە، ئەوان دەیانەوێت بڕیار بدەن و ئێمەش جێبەجێی بکەین، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن پێویستە کورد یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی دەستکەوتەکانی ڕابردوو لە بەغدا بە یەک دەنگی بەدەست ھاتوون."
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند "کێشەی ئێمە لە بەغدا کێشەی عەقلیەتە، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ھەرێمی کوردستان بەرەوپێش ڕۆیشتووە و متمانەیان بە ووڵاتێکی دیموکراسی و فیدراڵی نیە، بەپێی دەستووریش ئێمە ووڵاتێکی دیموکراسین، بەڵام مامەڵەی ئەوان مەرکەزییە، ئێمە دەستکەوتەکانمان بە یەکڕیزی پاراستووە، لە ڕابردوو و لە حکوومەتیش بە یەک تیم کار کراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ھەوڵی داوە کێشەکانی ھەرێم نەگەنە بەغدا، بۆیە بۆ کشانەوەش پێویستە ھەموو فراکسیۆنەکان پێکەوە بکشێنەوە نەک یەک فراکسیۆن."
فارس عیسا ووتیشی "بەغدا وەکوو ھاووڵاتی دەرجە دوو تەماشای کورد دەکات و پێی وایە پێویستە ئەوان بڕیار بدەن و ئێمە جێبەجێی بکەین، بۆ پرسی نەوتیش، پێشتر ڕێککەوتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی ڕەشنوسێک ئامادەبکرێت و یاسای نەوت و گاز دەربچێت، عێراق لێی پەشیمان بووەوە، لە مانگی شەش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئێمە ئەنجام دا و بڕیار درا ئەو نەوتەی بەردەستە لە سەرەتای مانگی حەوت ڕادەستی بەغدا بکرێت، ئێمەش بەغدامان ئاگادار کردەوە، بەڵام عێراق وەری نەگرت، گوایە کێشەی تەکنیکی ھەیە، بۆیە جێگەی داخە عێراق مامەڵەی جیا لەگەڵ ئێمە دەکەن."
عیسا باسی لەوەش کرد "ھەندێک لایەن لە عێراق نایانەوێت ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی بە درۆن ھێرش بکرێتە سەر کێلگەکانی نەوتی ھەرێم، بۆ ئەوەی کێشەکان ھەر وا بەردەوام بن، ئەوانەی درۆنیان ئاراستەی ھەرێم کردووە دیارن، ئەوانەی درۆنمان ئاراستە دەکەن بەشەو و بەڕۆژ، سەرەخۆشیمان لێ دەکەن، ئەوەی کرا بۆ ئەوە بوو ھەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن."
دەشڵێت "ووڵاتانیش لەگەڵ ئەوە نین کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بن، ئەوانیش ھەوڵ دەدەن چارەسەر بکرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە لە بەغدا یەک دەنگ و یەکڕەنگ بین کێشەکان باشتر چارەسەر دەکرێن، یەکڕیزی کورد دەبێتە فاکتەرێک کێشەکان بەیەک جاری چارەسەر بکرێن، چوونکە لە عێراق وا بیردەکەنەوە چەند لە ھەرێمی کوردستان بدەن پێگەی ئەوان بەھێز دەبێت."





