فازڵ میرانی : سەرۆک بارزانی و پارتی هەمیشە ئامانجیان برایەتی پێکهاتەکانی کەرکووک بووە

پەیامی کورد ... فازڵ میرانی : سەرۆک بارزانی و پارتی هەمیشە ئامانجیان برایەتی پێکهاتەکانی کەرکووک بووە
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێت، ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکوو ئێمە هەر لەکەرکووک بووین و لەکەرکووکیش دەبین، وە دەبێت بە چاوی میللەت و جەماوەر سەیری خۆمان بکەین، چ لەڕووی حزبیەوە چ لە رووی بەڕێوبردنی ئیداری و نەتەوایەتییەوە.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پاریزگای کەرکووک-گەرمیان، ووتی، "لە ڕاستیدا ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکوو ئێمە هەر لەکەرکووک بووین و لەکەرکووکیش دەبین.
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش کرد، بیرباوەڕی کوردایەتی کە هەمیشە بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕەگ و ڕیشەی لە کەرکووک هەبووە و ڕۆژ بەڕۆژیش زیاد دەبێت، ئەو زیادبوونەش لە هۆشیار بوونەوەی نەتەوایەتییە، نەوەک لە زۆربوونی ژمارەی ئەندامانی حزبەکان، چونکە لەناوخۆ باسی چالاکی حزبی دەکەین، بەڵام لەدەرەوە باسی نەتەوایەتی دەکەین.
باسی لەوەش کرد، ئێمە نابێت حوکم لە ڕووکەش بکەین، دەبێت حوکم لە جەوهەری کارەکان بکەین، وە ئەبێت بە چاوی میللەت و جەماوەر سەیری خۆمان بکەین، چ لەڕووی حزبیەوە چ لە رووی بەڕێوەبردنی ئیداری و نەتەوایەتییەوە.
میرانی ووتیشی، "سەرۆک مەسعوود بارزانی و پارتی هەمیشە ئامانجیان پێکەوەژیان و برایەتی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانی کەرکووک بووە، هەروەها لەکاتی هێرشەکانی داعش، پێکهاتەکانی کەرکووک داوایان لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، پێشمەرگە کەرکووک بپاریزێت، تاوەکوو مووسڵی لێ نەیەت.
فازڵ میرانی ڕاشیگەیاند، "ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە بەهێز دەزانن لەسەر خاڵی لاوازی کوردە، ئەگەرنا ئەوەندە بەهێز نەبوونە کە نکۆڵی لەدەستوور و پێکەوە ژیان و پەیمانەکان بکەن، کە خۆیان بەوشێوەیە دەبینن تەحەکوم بە مووچە و دابەشکردنی خۆراکی هاووڵاتیان بکەن.
جەختیشی کردەوە، "هەموومان ئەبێت بەخۆماندا بچینەوە، کە بۆچی مافمان خوراوە؟ یان بۆچی سەرکەوتووین؟ بۆیە ئەبێت لە هۆیەکان بکۆڵینەوە نەک لەدەرئەنجامەکان، ئەمەش یەکێک لە خاڵەکانە کە ئێمە هەمیشە خۆمان بەدەرئەنجامەکان سەرقاڵ دەکەین، هەروەها هۆیەکان و بیرکردنەوەکان وەلا دەنێین.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان، سوورە لەسەر ئەوەی پێداوچوونەوە بەخۆدا بکرێت، چوونکە پێویستە بۆ یەکڕیزی و یەک هەڵویستی بۆ گەڕانەوەی هێزی کوردستانی و پەلەکردن لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوانەی نکۆڵیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ هاوپەیمانییەکە.
ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە




