فوئاد حسێن : هەفتەی داهاتوو هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە
پەیامی کورد ... فوئاد حسێن : هەفتەی داهاتوو هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ دووەم جار بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داھاتی نانەوتی دەکەن.
چوارشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی : سەردان و بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیھانی وەک داڤۆس گرنگە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ووتیشی : لەم کۆڕبەندە گرینگانە پەیوەندی لەگەڵ ووڵاتان و کۆمپانیاکان درووست دەکرێت لە بواری ئابووری دا، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆمەڵێک سەرمایەداری لەگەڵ خۆی ھێناوە بۆ داڤۆس، ئەو سەرمایەدارانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لە گەشەکردنی ئابووری کوردستان، چوونکە ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە، زۆرینەی کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بەشدارییان تێدا کرووە، گرنگە پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا جیھانییەکان درووست بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە یارمەتی ئابووری کوردستان بدەن.
فوئاد حسێن باس لەوەش دەکات: بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ماددەی ١٢ لە یاسای بوودجە نەدرا، ھەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکراشی کرد کە، ھەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و شاندی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داھاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق ووتی : ھیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە ھەفتەی داھاتوو لەسەر پرسی داھاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن.
لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ووتی : بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرینگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت ھاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە