كۆمیسیۆن : ئه‌وانه‌ی له بایۆمه‌تری بەشدار بوون كارتیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه

پەیامی کورد ... كۆمیسیۆن : ئه‌وانه‌ی له بایۆمه‌تری بەشدار بوون كارتیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه
به‌رپرسێكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ڵێ، بڕیاره مانگی داهاتوو ده‌ست به دابه‌ش كردنی كارتی ده‌نگده‌ران بكرێت و ده‌شڵێ، ئه‌وانه‌ی له بایۆمه‌تری بەشدار بوونە، كارتیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ڕایگه‌یاند، "ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان به‌شدارییان له پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری ده‌نگدان دا كردووه و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی كارته‌كانیانن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن له مانگی 11ی ئه‌مساڵدا، به‌پێی ڕێكاره‌كانی كۆمیسیۆن، له سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوولی داهاتووەوە كارته‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئۆفیسه‌كانی كۆمیسیۆن و ده‌ست به دابه‌ش كردنیان ده‌كرێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمیسیۆن ووتیشی، ئه‌وانه‌ی داوای گواستنه‌وه‌یان كردبوو ناویان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وانه‌ش کە له‌دایكبووی ساڵی 2007 بوون و بایۆمه‌ترییان كردووه، هه‌رچی پێشتر به‌شداری نه‌كردووه و ئێستا بایۆمه‌تری كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كێشه‌یان هه‌بووه، هه‌موویان پێش هه‌ڵبژاردن كارتیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
بڕیاره ڕۆژی 2025/11/11 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه بچێت و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌رده‌وامه له ڕێكاره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی تا ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كاری ته‌واو بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه بکرێت.
ئەم بابەتە 25 جار خوێندراوەتەوە




