وەزیری تەندرووستی : ساڵانە پێش ھاتنی وەرزی گەرما دوو ھەنگاوی پێویست دەنێین

پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی : ساڵانە پێش ھاتنی وەرزی گەرما دوو ھەنگاوی پێویست دەنێین
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بەھۆی ئەو ئامادەکاری و رێکارانەی ھەر زوو گرتوومانەتە بەر، تواندراوە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکرێت، چوونکە ئێمە ساڵانە پێش ھاتنی وەرزی گەرما دوو ھەنگاوی پێویست دەنێین.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئێمە ساڵانە ئامادەکاری تەواو دەکەین لە کۆتایی زستان و سەرەتای ھاتنی وەرزی بەھار، تاوەکوو پێش ئەوەی بگەینە وەرزی گەرما رێکارەکان بگرینە بەر، ئەوانیش دوو جۆرن، بەشێکی پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە ھەیە بە خۆپارێزی وەکوو ڕشاندنی ئاژەڵ و شوێنی ئاژەڵەکان و بەشێکیشی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە ئەویش ھۆشیارکردنەوە و ئامادەکردنی تاقیگە و پشکنینی شوێنەکانە، بۆ ئەوەی پێش تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە، حاڵەتەکان دەستنیشان و چارەسەر بکەین و بڵاو نەبێتەوە.
بەرزنجی ووتیشی، لە ھەرێمی کوردستان نەخۆشییە گوازراوەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دان، بە تایبەت تای خوێنبەربوون، کە لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق ژمارەی حاڵەتەکان زۆر زۆر کەمترە و زۆریش لە ژێر کۆنترۆڵدایە و ڕێژەی مردنیش زۆر کەمە، ئەویش بەھۆی زوو دەستنیشان کردنی حاڵەتەکان و چارەسەرکردنیان، ئەمەش خزمەت بە نەخۆشەکان دەکات و وادەکات ڕێژەی مردن کەم بێت، بۆیە ئێستا دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.
وەزیری تەندرووستی دەشڵێت، تیمەکانی ئێمە بەردەوام لە ئامادەباشی دا دەبن و لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری باش کراوە و پێویستە ھاووڵاتیانیش تا بتوانن خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە بڵاو نەبێتەوە و کاریگەری لەسەر ھاووڵاتیان نەبێت، بۆیە ئێمەش ئەوەی پێویستە ئەنجاممان داوە و ئێستا نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و ڕێگرییەکی باش کراوە ئەو نەخۆشییە لە ھەرێمی کوردستان تەشەنە نەکات.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە




