پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە

پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە
پەیامی کورد   ...   پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە

سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد و ئازاردانی جووتیارێكی كورد لە لایەن سووپای عێراقەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمە ڕەفتارێکی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لە دژی جووتیارە بێ تاوانەکانی کورد لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە کوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی کورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریکردن لە جووتیارانی کورد کە بچنەوە سەر زەوییەکانیان، دیمەنی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەھێنێتەوە. ئەمە ڕەفتارێکی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لە دژی جووتیارە بێ تاوانەکانی کورد لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە کوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن.

لێرەدا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەم ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بکرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بکرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن.

دەستخۆشیش لەو کوردە قارەمانانە دەکەم کە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن کە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە ھەموو ھێزێک پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواکانیان دەکەین.

 

مسعود بارزانی

١٧ی شوباتی ٢٠٢٥

ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە