ڕاگەێندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ەوە

ڕاگەێندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ەوە
پەیامی کورد   ...   ڕاگەێندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی کۆتایی ھاتن و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

ھاووڵاتییانی خۆشەویست.

بەڕێزان لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان.

بەبۆنەی کۆتایی ھاتن و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە دەکەم، ھەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان، ھەڵنانی ھەنگاوێکی گرینگ بوو لە بەھێزکردنی ڕەوتی دیموکراسی گەلی کوردستاندا. ھاوکاری ھەموو لایەک بۆ سەرخستن و بەڕێوەچوونی بێ کێشەی پرۆسەکە، مایەی شانازی و پێزانینە. لەم سەرکەوتنەدا، گەلی کوردستان براوەیە.

ھەڵبژاردن نوێکردنەوەی ڕەوایەتی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و گەیاندنی ئازادانەی بیر و دەنگتان بوو، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانتان لە پەرلەمان، ئەوەی لە گیانی کێبڕکێی ئاشتییانە و ڕێژەی بەشداری فراوانی ھاووڵاتییان لە بانگەشە و پرۆسەی دەنگداندا بینرا، ئەوە دەسەلمێنێت کە گەلی کوردستان مکوڕە لەسەر ئەوەی بنەماکانی دیموکراسی و مافی خۆی بۆ بڕیاردان لە چارەنووس و داھاتووی خۆی، بەھێز بکات و نیشانەی زیندوویی و پێگەیشتنی زیاتری کولتووری دیموکراسی گەلی کوردستانە.

 

زۆر سوپاس بۆ ھاووڵاتییانی کوردستان، ھەروەھا بۆ ھەوڵ و کۆششی ھێزە ئەمنییەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق، یۆنامی و تەواوی ئەو لایەنانەی لە بەڕێوەبردن و سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا، بەشدار بوون، پابەندی و ھاوکاری ھەموو لایەکتان، کلیلی ئەم سەرکەوتنە بوو، دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ھەمووان دەکەین.

 

ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و شارستانییانە، سەرکەوتنێکی گەورەیە کە جیھان بە ڕێزەوە سەیری دەکات، بەڵام ئەوەی ئەم سەرکەوتنە تەواو دەکات و گەلی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێیەتی، ئەوەیە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە سیاسییەکان بە زووترین کات حکوومەت پێک بھێنن. 

حکوومەتێک کە بتوانێت سەقامگیری پتەوتر و ئابوورییەکی بەھێز بھێنێتە ئاراوە و برەوی زیاتر بە مافەکان بدات، پێویستییەکی لەپێشینەی قۆناغ و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و بونیاتنانی داھاتووی ھاوبەشمانە، ئەوەش بە گیانی پێکەوەیی و تەبایی و ھاوکاری ھەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکان دەکرێت.

سڵاو و دروود لە گیانی پاکی شەھیدان.

ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموو لایەک دەخوازم.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/١٠/٢١