پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن
پەیامی کورد   ...   پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن

بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەسروور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدا.

بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەکەم، سوپاسی خۆڕاگری و بەشداری کارای ھاووڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم. 

سوپاسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ئەم پڕۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەکەم، ھەرچەندە بەشداری نەکردنی ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتیان بە ھۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە ھەوڵی جددی بدرێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی ھەر ھاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت.

سوپاسێکی تایبەت بۆ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو کەشە ھێمنەی بۆ ھەڵبژاردنیان ڕەخساند.

سوپاس بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کە گەواھیدەری ئەم سەرکەوتنە بوون.

سوپاسی گشت لایەنە سیاسییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم ھەڵبژاردنە و ھاوکارییان بۆ سەرکەوتنی.

پەنا بە خوا و بە  پاڵپشتی ھاووڵاتیانی دڵسۆزمان، ئومێد دەخوازم بە ھەبوونی پەرلەمانێکی کارا و بە بەشداری دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت ھەرچی زووتر، کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم بخرێتە خزمەتی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و پێشکەوتنی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/١٠/٢٠