دۆخی نالەباری تەندرووستی ووریشە مورادی لە بەندیخانەی ئێڤین

پەیامی کورد ... دۆخی نالەباری تەندرووستی ووریشە مورادی لە بەندیخانەی ئێڤین
ووریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کورد، لە دۆخێکی تەواو نالەبار و گیرۆدەبوون بە چەند نەخۆشی، لە دەست پێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بێبەش کراوە.
بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ەوە، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لەلایەن ڕێژیمەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، ماوەیەکە تووشی چەند نەخۆشی وەک دیسکی مل و تەسک بوونەوەی جۆگەی بڕبڕەکانی پشت بووەتەوە، بەڵام ڕێگەی سەردانی لای پزیشکی پێ نادرێت و لە دۆخێکی تەواو نالەباردایە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان زیادی کردووە کە ووریشە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢دا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارەوە پشکنینی بۆ کراوە و سەرەڕای داواکاری پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئەنجامی نەشتەرگەری، بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤێن ڕێگەیان نەداوە ناوبراو ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان بکرێت.
بەپێی ئەم هەواڵە ووریشە لە چەند مانگی ڕابردوودا نەخۆشییەکەی چڕتر بووەتەوە و تووشی سڕبوون و ئێشی بەردەوام لە دەستی ڕاستیدا بووەتەوە، هەروەها تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرسیش بووەتەوە.





