شەیبانی: داوای هاوبەشییەکی بەپەلە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یەکڕیزی سوریا

پەیامی کورد- دیمەشق
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند: نەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دامودەزگاکانی دەوڵەت "دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی درز و دابەشبوون".
شەیبانی داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد بە خێرایی هاوبەشی لەگەڵیان بکات بۆ دەستەبەرکردنی یەکڕیزی وڵات و کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی سوریا، شەیبانی وتی: دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێکی کارا لەم قۆناغەدا بن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێگری دەکات لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی سڤیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان".





