ڕاپۆرتی تێلێگراف لەسەر نفووز، گەندەڵی ماڵی و چالاكییە سایبێرییەكانی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن

پەیامی کورد ... ڕاپۆرتی تێلێگراف لەسەر نفووز، گەندەڵی ماڵی و چالاكییە سایبێرییەكانی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی توێژینەوەیی دا، کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ بڵاوکرایەوە، هەڵمەتی نفووزی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی بەریتانیا ئاشکرا کرد. ئەم ڕاپۆرتە زەنگێکی خەتەری جیددی لەبارەی شەڕی تێکەڵاوی تاران لە دژی دامەزراوە دیموکراسیەکانی بەریتانیا لێدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی خەزێنەداری بەریتانیا خەریكین بەدواداچوون بۆ نۆ پێشێلکاری ئەگەری سزا ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤ە.
تێلێگراف جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کەیسانە تەنیا بەشێکی بچووك لە تۆڕی قووڵی نفووزی سیاسی، میدیایی، دارایی و سایبێری کۆماری ئیسلامی لە بەریتانیایە.
ڕۆژنامەکە پێداچوونەوەی بە ئۆپراسیۆنە نهێنی و ئاشکراکانی کۆماری ئیسلامی لە بەریتانیا کردووە، لەوانە کاراکردنەوەی پرێس تیڤی، نفووز لە نێوان ئەندامانی پارتی کرێکاران، پێشەنگایەتی کردنی هەڵمەتە جوداخوازییەکان لە سکۆتلەندا و دەستپێکردنی لاپەڕەی ساختە لە سۆشیال میدیا، هۆشداریدا لەوەی کە پارەی تاریکی تاران هێشتا دەڕژێتە ناو سیستەمی دارایی بەریتانیاوە.
بە پێی ڕاپۆرتی تێلێگراف، دام و دەزگاکانی وەک کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئیسلامی لەژێر ناوی چالاکییە مەدەنییەکان، خزمەت بە ئامانجە هەواڵگری و تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن؛ دامەزراوەیەک کە تەنانەت دوای سەلماندنی پەیوەندی خۆی بە تاران و پشتیوانی لە گرووپی حیزبۆڵڵای لوبنان، لە لەندەن بە ئازادی بەردەوامە.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە لاوازی دامەزراوە ئەمنی و داراییەکانی بەریتانیا لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم هەڕەشە پێکهاتەییە دەكات و هەوڵەكانی حکوومەت، لەوانەش هۆشدارییەکانی سەرۆکی MI5 و پلانە ئەمنییەکانی ئەم دواییە بە "ناتەواو" زانیوە.
ڕۆژنامەی تێلێگراف خوازیاری سزای بەرفراوانتر و داخستنی تەواوەتی تۆڕە دارایی و میدیاییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی بەریتانیا بووە.
ڕاپۆرتی تێلێگراف، زەنگی مەترسی جیددییە کە نیشان دەدات هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە سنوورەکانی ئێران دا نەماوەتەوە، بەڵکوو لە دڵی دێموکراسی ڕۆژئاواشدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە.





