کرماشان : پشکنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ەوە

پەیامی کورد ... کرماشان : پشکنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ەوە
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دانانی خاڵی پشکنین لە شەقامەکانی شاری کرماشان، وێڕای ترساندنی هاووڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان بە تەواوی دەپشکنن. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان فڕۆکەی شەڕکەری کۆماری ئیسلامی بە سەر ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێک ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە حکومەتییەکان لە شاری کرماشان بڵاو بوونەتەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان خاڵی پشکنینیان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و ترساندنی هاووڵاتییان داناوە.
بە ووتەی هاووڵاتییانی کرماشان لەو چەند شەوەدا خاڵی پشکنین لە هەندێک شوێن وەکوو جووتسایدی تاقوەسان، دەوڵەتئاوا و شەقامی نزیک نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا داندراوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەپشکنن و کەشێکی تۆقێنەریان ساز کردووە.
لە ماوەی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی سوپای پاسداران و بەسیج لەژێر ناوی «بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مووساد» ڕەوتێک لە ترساندن، دەست بەسەرکردن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییانیان دەست پێ کردووە.





