یەکیتی ئەورووپا : ڕێژیمی ئێران هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی و جیهانییە

پەیامی کورد ... یەکیتی ئەورووپا : ڕێژیمی ئێران هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی و جیهانییە
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی، هۆشداری دا کە ئەو ڕێژیمە لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
کایا کالاس لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ناوبراو، جەختی لە پاڵپشتی یەکیتی ئەورووپا بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگیری کردن لە دەست پێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی کردەوە.
گیدۆن ساعر هەروەها لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی جیهانی ئازاد شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمریکا جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئیسلامی دەکاتەوە.





