سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگەی کرد

پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگەی کرد
دووشەممە 9/15، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەک خستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد.
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەنجام دراون و جەختیشی لە پێویستی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرینگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاری و دارایی یەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و پەیکەربەندی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاری لە ڕایی کردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حكوومەت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕایی کردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرج کردنی مووچە و شایستەکانیان.
کۆبوونەوەکە داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چوونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.
ئەم بابەتە 4 جار خوێندراوەتەوە




