کونسووڵی ئیمارات : هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان

کونسووڵی ئیمارات : هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان
پەیامی کورد    ...   کونسووڵی ئیمارات : هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان

دووشەممە ڕێککەوتی ١٥-٩-٢٠٢٥ ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە شێخە بەشیر فەرحان، کونسووڵی گشتی ئیمارات لە ھەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا پارێزگاری ھەولێر، وێرای بەخێرھێنانی گەرمی کونسووڵی گشتی ئیمارات، باسی لە سرووشتی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد، خۆشبەختانە ئێستا لەئاستی سەرکردە باڵاکانی ھەردوو لایە و ئەو ووڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان مانایەکی گەورەی ھەیە و لە ڕۆژە سەختەکانی شەڕی دژی تیرۆرستان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان و لە بوارەکانی مرۆیی و تەندرووستی دا مانگی سووری ئیماراتی، سەخاوەتی زۆریان نواندووە لە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی خێرخوازی بارزانی و مانگی سوور لە ھەولێر، ھاوکات ئیمارات بووەتە دەروازەی گرینگی بازرگانی و ھاوردەکردنی شمەک لە ووڵاتانی جیھان.  

لەلایەن خۆیەوە کونسووڵی گشتی ئیمارات لە ھەولێر، سوپاسی پارێزگاری ھەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەیان و دووپاتی لەسەر کار و چالاکییەکانی، بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئیمارات‌ و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا کردوو پشتگیری دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی لە کار و چالاکییەکان و ھاوکارییە مرۆییەکانی ووڵاتەکەی بۆ ئاوارە پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان کرد.

کونسووڵی گشتی ئیمارات لە ھەولێر، جەختی کردەوە، کەوا بەشێک لە بازرگان و وەبەر‌ھێنەرانی ئیمارات، دەیانەوێت سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بخەنە کارو وەبەرھێنان بکەن، چوونکە ھەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرھێنان و سەقامگیری ئاسایش و کارئاسانی تێدا لە لەبارو گونجاوە.   

لە دیدارەکەدا جەخت لە پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ووڵاتی ئیمارات کرایەوە، و بەردەوامی پەیوەندی ھەردوولا بە گرینگ زانرا.

ئەم بابەتە 4 جار خوێندراوەتەوە