گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت
پەیامی کورد   ...   گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

لە قەزای بەردەڕەش یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو بە گوژمەی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و ئێستا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا کراوە، لەماوەیەکی نزیک دا بەردی بناغەی پڕۆژە دادەندرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، ووتی: بۆ پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی بەردەڕەش گرێبەست لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا واژوو کراوە و بوودجەی پڕۆژەکە ٤٢٨ ملیار دینارە، لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی پڕۆژەکە دادەنرێت و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.

ئاری ئەحمەد ووتیشی: لە قۆناغی یەکەم دیزاینی پڕۆژەکە دەکرێت، دواتر دیاریکردنی شوێنی بەستنەوەی بۆڕییەکان، دوای ئەوەش وێستگەی سەرەکی ئاو درووست دەکرێت کە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو و ٧٠ گوندیش لێی سوودمەند دەبن، زیاتر لە ٢٠٠ بیری ئاویش دادەخرێن و لەجیاتی ئەوان سوود لە ئاوی ئەو پڕۆژەیە وەردەگرن بۆ خواردنەوە، کێشەی کەمی ئاو بەتەواوی لە بەردەڕەش چارەسەر دەکرێت.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە پڕۆژەی ستراتیژی ئاو دەدرێت، تاوەکوو ئێستاش چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئاو جێبەجێ کراون، گرینگترینیان پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای ھەولێرە.

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە