سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی ئاشووری ئەمریکا کرد

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی ئاشووری ئەمریکا کرد
ڕۆژی دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025 سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی ئاشووری نیشتەجێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سام دەرمۆ سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان لە پێناو دادوەری دا کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندی دێرینی نێوان ئاشوورییەکان و گەلی کوردستان کرا و سەرۆک بارزانی دڵنیایی دا کە کۆمەڵگەی ئاشووری و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان خەڵکی رەسەنی ئەو ووڵاتەن و چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوە. هەم لە ڕابردوودا و هەروەها لە داهاتوودا بەیەکەوە و بە ئازادی و سەرفرازی دەژین. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە تەواوی دام و دەزگاکان لە هەرێمی کوردستان هاوکار و پاڵپشت دەبن بۆ تەواوی ئەو ئاوارانەی کە دەربەردەربوونە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەبێ هەست بە هەبوون و مانەوە و ئاشتی و سەقامگیری و داهاتووی پڕشنگداری خۆیان بکەن لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە دیداری سەرۆک بارزانی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دا و ئاماژەیان بەوەدا کە ئێستا هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەن کە لە ووڵاتی خۆیان و لەناو کەس وکاری خۆیاندان و خۆیان بە جیا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نازانن.
بارودۆخ و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.





