کاتی دابەشکردنی ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بڵاو دەکرێتەوە

پەیامی کورد ... کاتی دابەشکردنی ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بڵاو دەکرێتەوە
بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکاری تەواو کراوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە دابەش کردنی زیاتر لە ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی ھەژار و کەم دەرامەت دەکرێت، کە دابەش کردنیشی لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت.
توانا بەشیر، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر ناوی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێ بوون تۆمار کرد ئەوانەی ھەژار و کەم دەرامەتن لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و شایانی ئەوەن یەکەی نیشتەجێ بوونیان پێ بدرێت ٩ ھەزار و چوار یەکەمان ھەن و ھەر بەشێکیان بە ڕێژەیەک تەواو بوون، کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو یەکانەی درووست کراون تیروپشک دەکرێت بۆ ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە و بەپێی تیرووپشک ئەو ٩ ھەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێ بوونانەیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
توانا بەشیر ووتیشی، مەبەستمان لەو کارەش ئەوەیە، ئەو خەڵکەی ناوی لە تیروپشک دەردەچێت، بزانێت بووەتە خاوەن یەکەیەکی نیشتەجێ بوون و ھەر کاتێک تەواویش بێت، کلیلی یەکەکانیان ڕادەست دەکرێت ئینجا قیستەکانیان بۆ هەژمار دەکرێت و بە قیستی درێژخایەن دەبێت و لە ماوەی ٢٥ ساڵدا قیستەکان دەدەنەوە، بۆیە ئەو یەکانە لە زۆرینەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان درووست کراون و لە ڕێگەی تیروپشکەوە بەسەر خەڵکی ھەژار و کەم دەرامەت دا دابەش دەکرێن.
ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە




