کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن

پەیامی کورد ... کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت "پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا زۆر باشە و کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، ئێمەش وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای کەنەدی لەبواری جیاجیا کار دەکەن، ئێمەش بەردەوام کۆمپانیا بیانییەکان هان دەدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، زۆر ئاسانکاری و ھاوکارییان دەکەین، ھەرێمی کوردستانیش ناوچەیەکی زۆر لەبارە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بێن لە ھەموو سێکتەرەکان کاری وەبەرھێنان بکەن، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە زۆرترین کۆمپانیای بیانی بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن."
دکتۆر محەمەد شوکری ووتیشی "ئێستا کەنەدا بۆ وەبەرهێنان دەرگای بەڕووی جیھاندا کردووەتەوە، کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان لە سێکتەری جیاوازی وەک تەکنۆلۆژیا و کشتوکاڵ و کەرتی دیکە کار بکەن، چونکە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و کەنەدا لەبواری سیاسی و ئابوری زۆر باشە."
ھەر دوێنێش یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی کاری کەنەدی واژوو کرا کە ئامانج ڕاکێشانی وەبەرھێنەر و کۆمپانیا کەنەدییەکانە بۆ ھەرێمی کوردستان."
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە





