پلاتفۆڕمی تێلیگرام " ستۆری " بۆ بەکارهێنەران زیاد دەكات

پەیامی کورد... پلاتفۆڕمی تێلیگرام " ستۆری " بۆ بەکارهێنەران زیاد دەكات
پلاتفۆڕمی تێلیگرام رایگەیاند، تایبەتمەندیی نوێی ستۆری بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی دامەزراندنییەوە بۆ تەواوی بەکارهێنەرانی زیاد دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە پلاتفۆڕمی تێلیگرام رایگەیاند:ئەپڵیکەیشنی نامە ناردنی خێرا ناسراو بە (تێلیگرام) تایبەتمەندی نوێی بۆ هەموو بەکارهێنەرانی راگەیاند کە خۆی لە دانانی ستۆری دەبینێتەوە، ئەمەش دوای نزیکەی مانگێک لە خستنەروی "Telegram Premium"، دێت.
تایبەتمەندی ستۆری رێگە بە بەکارهێنەران دەدات هاوبەشی بە وێنە و ڤیدیۆکانیان بکەن لەسەر پلاتفۆڕمەکە بۆ ماوەیەکی کورت، بەو پێیەی ئەم ستۆرییانە لە بەشی سەرەوەی لیستی چاتکردندا دەردەکەون و بەکارهێنەرانیش دەتوانن سەیری هەر ستۆرییەک بکەن بە کلیککردن لەسەری و ریپڵەیکردنی لە رێگەی ناردنی نامەی کورت یان بە بەکارهێنانی ئیمۆجی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەرچی دەرخستنی ئەو ستۆرییانە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بۆ هەموو بەکارهێنەرانی ئەپڵیکەیشنەکە بەردەستە، بەڵام بەشداربوانی تێلیگرام پریمیۆم دەتوانن ئەم ماوەیە کەمبکەنەوە بۆ شەش یان 12 کاتژمێر یاخود زیادی بکەن بۆ 48 کاتژمێر، هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن پاش کاتی دانانی ستۆرییەکانیان، هەندێک دەستکاری لە وێنە و ڤیدیۆکانی ستۆرییەکاندا بکەن وەک زیادکردنی دەقی نوسین، ستیکەر، شوێنی جوگرافی و چەند گۆڕانکارییەکی دیکە.
تێلیگرام پریمیۆم چەندین بژاردە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاوبەشکردنی ستۆرییەکان دابیندەکات، بەو پێیەی بەکارهێنەران دەتوانن دیاری بکەن کێ دەتوانێت ستۆریەكانیان ببینێت، کە ئاخۆ هەمو کەسێک بێت، تەنها پەیوەندییەکانیان، یاخود لیستێکی دیاریکراوی پەیوەندییەکانیان بێت، هەروەک دەتوانن هەندێک پەیوەندی لە بینینی ستۆریەكان بێبەش بکەن.
ئەپڵیکەیشنەکە بژاردەیەک بۆ بەکارهێنەرانی دابیندەکات بۆ ڕێگریکردن یان رێگەدان بە گرتنی وێنە (سکرینکردن)ی ستۆریەكانیان، هەروەک بەکارهێنەران توانای هێشتنەوەی هەمیشەیی چیرۆکەکانیان هەیە لە پڕۆفایلەکانیاندا، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراوی تایبەت بە هاوبەشکردنی ستۆرییەکان
دوای هاوبەشکردنەکەش، بەکارهێنەران دەتوانن ئاماری ورد سەبارەت بە بینین و ریپڵەیکردنی ستۆرییەکانیان دەستبکەوێت، هەروەها دەتوانن لە یەك كاتدا وێنە و ڤیدیۆ تۆماربکەن بە بەکارهێنانی هەردوو کامێرای پێشەوە و پشتەوە.
تایبەتمەندی دیکەی نوێ بۆ بەشداربوانی تێلیگرام پریمیۆم، بریتییە لە بژاردەپێدانیان لە دیاریکردنی ریزبەندیی ستۆری دڵخوازیان لە دەرکەوتندا، هەروەها توانای بینینی ستۆری بەکارهێنەرانی دیکە بەبێ ئەوەی پێی بزانن، لەگەڵ توانای داونلۆدکردن (دابەزاندن)ی ستۆرییەکانی ئەو بەکارهێنەرانە، بۆ نێو مۆبایلەکانیان.
ئەم تایبەتمەندییە نوێیانە لە چوارچێوەی ئاهەنگێکی تێلیگرام بە بۆنەی یادی 10 ساڵەی دامەزراندنییەوە دێت، بەو پێیەی ئێستا ژمارەی بەکارهێنەرانی پیلاتفۆڕمەکە، 800 ملیۆن بەکارهێنەری تێپەڕاندوە.