جان بۆڵتون : هێشتا کار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەواو نەبووە | ڕێژیمی ئێران دەبێ بگۆڕدرێ

جان بۆڵتون : هێشتا کار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەواو نەبووە | ڕێژیمی ئێران دەبێ بگۆڕدرێ
پەیامی کورد   ...   جان بۆڵتون : هێشتا کار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەواو نەبووە | ڕێژیمی ئێران دەبێ بگۆڕدرێ

جان بۆڵتون، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە یاداشتێکی تووند و ڕاشکاوانەدا لە ژێر ناوی “ئێمە دەبێت کارەکەمان لە ئێران تەواو بکەین” کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکرایەوە، خوازیاری بەردەوامبوون و زیادكردنی هێرشە سەربازییەکان دژی ژێرخانی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بوو و هەروەها ڕاگرتنی پێش وەختەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هەڵەیەکی ستراتیژی ناوبرد.

بۆڵتون لەم بابەتەدا جەختی لەوە کردەوە : “تا ئەوە كاتەی ڕێژیم لە تاران نەگۆڕدرێت، چەکداماڵینی تەواوەتی ئەتۆمی مومکین نابێت.”

ئەم بەرپرسەی پێشووی ئیدارەی ترامپ بە ئاماژەدان بە “مۆدێلی لیبی” وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە بژاردەی ڕووخاندنی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی کردەوە و نووسی؛
“بە پێچەوانەی موعەمەر قەزافی، مەلاکان کە پێشتر زەلیل کراون، دەزانن کە زەلیل کردنی زیاتر ڕژیمەکەیان بەرەو لەناوچوون دەبات”.

لە بەشی کۆتایی یاداشتەکەی دا، بۆڵتون بە ئاماژە بە خواستی ئەگەری ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی هێرشەکان، ئەو پرسیارە سەرەكییەی ورووژاند:
"ئایا ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بوێری و ئیرادەی پێویستی بۆ گرتنەبەری ئەو ڕێگایە تا کۆتایی هەیە یان نا؟"
 

ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە