پشتگیری پەرلەمانی بێلژیک ، بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران

پشتگیری پەرلەمانی بێلژیک ، بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران
پەیامی کورد   ...   پشتگیری پەرلەمانی بێلژیک ، بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران

کۆمیتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەرلەمانی بێلژیک، بە زۆرینەی دەنگ سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، پیناسە کرد.

دەریا سەفایی ئەندامی پەرلەمانی بێلژیک و چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەم پەیوەندییەدا لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی : "بێلژیک بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە ئەمەیە، تێرۆریزم نابێت بێ سزادان بمینێتەوە تەنانەت ئەگەر سوپای پاسدارانیش بێت".

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە، جەختی کردووەتەوە کە سوپای پاسدارن نە تەنیا لە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی خەڵک لە ئێران ڕۆڵی هەیە، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییش دا چالاکی تێرۆریستی هەیە.

ئەمریکا و کەنەدا پێشتر سوپای پاسدارانیان خستووەتە ناو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە.

بێلژیک یەکەمین ووڵاتی ئەورووپایی یە کە پاش ئەمریکا و کانادا ئەم گرووپە وەک گرووپیکی تێرۆریستی پیناسە دەکات.

دەریا سەفایی لە پۆستەکەیدا زیادیشی کردووە کە ئەم بڕیارەی پارلەمانی بێلژیک، خاڵێکی وەرچەرخان لە پارێزراویی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر سزاداندایە و بێلژیک دەکاتە یەکەمین ووڵاتێکی ئەورووپایی کە ئەم هەوڵەی گەیاندووەتە ئەنجام.

سەفایی، بوێری سیاسی برووکسێلی ستایس کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە بێلژیک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەست پێشخەری کردووە و لە ئێستادا نورەی یەکیتی ئەورووپایی یە کە ڕێگەکە درێژە پێ بدات.

یەکیتی ئەورووپا ساڵانێکە کە بابەتی پێناسەکردنی سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تێرۆریستی لە بەرنامەکانی دایە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم بابەتە بە کردەوە ئەنجام نەدراوە.

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە