پێنتاگۆن : هێرشەکانی ئەمریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بۆ دوو ساڵ دواخست

پێنتاگۆن : هێرشەکانی ئەمریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بۆ دوو ساڵ دواخست
پەیامی کورد   ...   پێنتاگۆن : هێرشەکانی ئەمریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بۆ دوو ساڵ دواخست

پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەری ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی دوو ساڵ دواخستووە. ئەمە لە کاتێک دایە کە پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی "لەناوچوونی تەواوەتی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

شان پارنێل، ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەکەیان بۆ یەک بۆ دوو ساڵ دواخستووە. بە ووتەی ئەو، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە ناوخۆیی یەکانی وەزارەتی بەرگری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری دواکەوتنەکە لە دوو ساڵ نزیکترە.

پارنێل زیادی کرد: شیکاری و هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ ڕادەی زیانەکانی سێ دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی ئێران نەگۆڕاوە و ئەو شوێنانەی بە “بەتەواوی وێران” وەسف کرد.

ناوبراو زیادی کرد : ئێمە پێمان وایە توانای ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، ڕەنگە تەنانەت پاڵنەرەکانیان بۆ درووستکردنی بۆمب کەم بووبێتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵسەنگاندنەکان هێشتا بەردەوامن.

بەگوێرەی ئاماری پێنتاگۆن، لە 22ی حوزەیران، شەش بۆمبی شکاندنی بنکەرەکان بەر دامەزراوەی فۆردۆ کەوتووە و دەیان مووشەکی کروز لە ژێردەریاییەکانەوە ئاراستەی شوێنەکانی ناتانز و ئیسفەهان کراوە. ئەم هێرشانە بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ بە ئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

بڕیار بوو لە ١٥ی حوزەیران خولی شەشەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوە بچێت، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران لە ١٣ی حوزەیران بووە هۆی درووستبوونی ململانێیەکی تەواو کە ١٢ ڕۆژی خایاند. دواجار ململانێکان لە ٢٤ی حوزەیران بە ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ئەمریکا کۆتایی هات.

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە