"پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک دەست پێ دەکات"

پەیامی کورد ... "پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک دەست پێ دەکات"
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەڵێ، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا پرۆسەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، ڕایگەیاند، لە ھەر چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینی فۆرمی خۆراک کۆتایی یان ھاتووە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە درووستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی دەکرێت، ئەوەش دەبێتە شوێنگرەوەی فۆڕمی خۆراک لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێکردووە.
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ووتیشی، ھەموو بریکارەکانی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان خراونەتە ناو گرووپێکی تیلیگرام، لەو ڕێگەیەوە ڕێنمایی بە بریکارەکانی خۆراک دەدرێت، لە ڕۆژانی داھاتوودا پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
شێخ کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ماوەی دوو مانگدا ھەموو فۆرمێکی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ھەر ھاووڵاتییەکیش کارتی نیشتمانی نەبێت، کارتی خۆراکی بۆ درووست ناکرێت، چوونکە کارتی نیشتمانی کراوەتە بنەما بۆ درووستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




