ئەم ڕێککەوتنە ئایندەیەکی گەشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت

پەیامی کورد ... ئەم ڕێککەوتنە ئایندەیەکی گەشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بواری نەوت فاکتەرێکی زۆر گرینگە بۆ ھاندانی کۆمپانیا جیھانییەکان بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت کاری بەرھەمھێنان بکەن و ئابووری ھەرێمی کوردستانی پێ ببووژێتەوە، هاوکات پێشی وایە، ئەم ڕێککەوتنە لە قازانجی ھەرێم و عێراقیش دایە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەكەی بۆ ئەمریکا دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و کۆمپانیای (وێستێرن زاگرۆس) واژوو کرد، دکتۆر ڕزگار، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، پەیوەست بەو ڕێککەوتنە ووتی، "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە زۆر زۆر گرنگە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی یەکەم تاوەکو کابینەی نۆیەم، بەتایبەت ئەو کابینەیە زۆر ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتان بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر بکات، بەتایبەت لەگەڵ ووڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، بۆیە ئەم ڕێککەوتنە ئایندەیەکی گەشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئەوەش زۆر پێویستە بۆ ئێمە، لەڕووی ئابووریش ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز دەبێت".
دکتۆر ڕزگار ووتیشی: "ئەو ڕێککەوتنە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گرینگە، بە ملیاران دۆلار وەبەرھێنان لە بواری نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پاڵپشتێکی بەهێزی ئابوورییە، چوونکە ئەو داھاتە بۆ خەزێنەی عێراق دەڕوات، ئەوان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو کارەی کرد.
ناوبراو باس لەوەش دەکات، عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەری ٢٠ ملیار دۆلاریان پێکەوتووە، بۆیە ھاتنی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان زەمانەتێکە بۆ ھاتنی کۆمپانیای ووڵاتانی دیکەش، چوونکە دڵنیا دەبن کە ھەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و بۆ وەبەرھێنان لە بواری نەوت.
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، ئەمە فشارێکیشە بۆ سەر عێراق بۆ ئەوەی بە زووترین کات ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە، چونکە ناکرێت عێراق بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دوا بخات، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقش دایە، ئابووری ھەرێمی کوردستان و کەرتی نەوت دەبووژێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانی بۆ ووڵاتی ئەمریکا دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و کۆمپانیای (وێستێرن زاگرۆس) کە بایی دەیان ملیار دۆلارن ئیمزا کرد.
ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە




