مەسروور بارزانی : واژووکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری ووزە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە

مەسروور بارزانی : واژووکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری ووزە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە
پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی : واژووکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری ووزە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، واژووکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری ووزە، لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراقە، ھەروەھا بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاری زیاتر بگەێندرێتە ھاووڵاتییان.

پێنجشەممە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ووتی : پێویست ناکات ھیچ لایەک نیگەران بێت، چوونکە واژووکردنی ڕێککەوتنەکان لە بواری وزە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراقە، ھەروەھا بۆ ئەوەیە تا خزمەتگوزاری زیاتر بگەێندرێتە ھاووڵاتییان.

لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ووزەی ئەمریکا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان پێکەوە ھەبوو، قسەی زۆر باش کرا، گوێمان لە پشتیوانی ئیدارەی سەرۆک ترەم بوو، ئەوان ئامادەن پشتگیری ھەم لەم گرێبەستانە بکەن، ھەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە ھەموو ئاستێکدا.

ھاوکات دەڵێت: پێویستمان بەوەیە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ زیاتر لە ھەموو کاتێک یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدات، ھەروەھا ئێستا ئێمە وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیجیی ئەمەریکا ڕێزمان لێ دەگیرێت و، چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغی باشتر و بەرزتر.

ھەر لەبارەی ڕێککەوتنەکانی بواری ووزەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە تەنیا بەرپرسین لەسەر ئەو بڕیارانەی کە دەیان دەین، بڕیارمان داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە ھەرێمی کوردستان، بێگومان سوودی بۆ ھەموو خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت، خەڵکی دیکە چۆن لێکدانەوە بۆ ڕێککەوتننامەکان دەکەن کەیفی خۆیانە".

سەرۆکی حکوومەت ووتیشی: ئێمە کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە کەپیتاڵ ھێڵ ھەبوون، ئەمڕۆ و سبەینێ کۆبوونەوەی زیاتریشمان دەبێت، پەیوەندییەکی باشمان ھەیە لەگەڵ ئیدارەی ووڵاتەکە، دەمانەوێت زیاتر و باشتری بکەین، ئەم پەیوەندییانە زۆر گرینگە بۆ ئێمە و لە بەرژوەندی ھەموو ناوچەکە دەبێت.

لە درێژەی قسەکانی دا مەسروور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دۆستی زۆرمان لە ئەمریکا ھەیە، لە کۆنگرێس و لە ئیدارەی ووڵاتەکەش، ئێمەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی ئەمریکاین، پێکەوە شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، دووپاتمان کردووەتەوە کە دەتوانین ھاوپەیمانێکی جێگەی متمانەبین.

سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، وتی: ھیوادارم ھەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، چوونکە لە بەرژەوەنەدی ھەموو لایەکە، لە نێویشیان دا حکوومەتی عێراق، چوونکە داھاتی حکوومەتەکە زیاد دەکات.

 

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە